رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە، سەردانی سعودیە دەکات، ئەمەش دەبێتە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی سووریا، دوای ئەوەی بە سەرۆککۆماری سووریا دەستنیشانکرا.
ئەحمەد شەرع، کە لە سعودیە لەدایکبووە، دوو رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سعودیە کۆدەبێتەوە.
لەدوای دەستنیشانکردنیشی وەکو سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، هەریەک لە شا سەلمان، شای سعودیە و محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی ئەحمەد شەرع کرد.
سعودیە یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هەرزوو پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دروستکرد، رۆژی 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ شەرع کۆبووەوە.
هەر لەو سەردانەیدا، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، ریاز لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ سووککردن یان هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا.
مانگی رابردووش شەرع لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، سعودیە رۆڵێکی باڵای دەبێت لە داهاتووی سووریا و گوتیشی: "سعودیە هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمە تاوەکو وەبەرهێنان لە ئابووریی سووریادا بکات."
مانگی رابردووش، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات وەکو وەزیری نوێی دەرەوەی سووریا، سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ