ئیسرائیل ناوچەکانی باشووری دیمەشقی بۆردوومانکرد


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای سووریا دەڵێت، ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری دیمەشق و ژمارەیەک پێگەی کردوونەتە ئامانج. 
 
بە گوتەی سوپای سووریا بێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانییان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و ژمارەیەک مووشەکیان تێکشکاندوو و زیانەکانیش تەنیا مادی بوون. 
 
رۆژی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشەکە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 4:20 خولەک کراوە."

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لە هێرشەکەدا ناوچەی سەید زەینەب، کە بە مۆڵگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران دادەنرێت، کراوەتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە. 

نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەند پێگەیەکی سوپای سووریایان لە پارێزگای دەرعا کردووەتە ئامانج، هێرشەکەش بە گوتەی سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی چەند مووشەکێک بووە کە لەلایەن سوپای سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.

لە ساڵی 1967ـەوە ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی لە سنووری نێوان وڵاتەکەی و سووریا خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەندراوە.

ئیسرائیل زۆر کەم روونکردنەوە لەسەر ئەو هێرشانە دەدات کە دەیانکاتە سەر سووریا، بەڵام بەردەوام ئەوەی راگەیاندووە کە رێگە بە ئێران و ئەو هێزانەی کە نزیک لە ئێرانن نادات هەژموونی خۆیان لە سووریا فراوان بکەن.
 
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تادێت گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەبێن. 

کۆتایی هەفتەی رابردوو، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج. 

سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە ئیسرائیل زیاتر لە هەشت جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا و لە ئەنجامدا لانیکەم 21 سەربازی سوپای سووریای کوشتووە و زیاتر لە حەوت سەربازی دیکەی بریندار کردووە.