ئەنەکەسە سەرۆکی نوێی هەڵبژارد؛ 'کار بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریا دەکەین'

02-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئیسماعیل، بە سەرۆکی نوێی ئەنەکەسە هەڵبژێردرا و دەڵێت، هەوڵی تەواو دەدەن لەم کاتە هەستیارەدا کار بۆ یەکگرتوویی و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد بکەن.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی سەرکردایەتیی کە ژمارەیان 8 کەسە، وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا هەڵبژێردرام."
 
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆیی ئەنەکەسە، خولی سەرۆکایەتیی تەنیا 6 مانگە. سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی پێشووی ئەنەکەسە لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت "دەزانین ئەو ماوەیە بۆ سەرۆکایەتیی زۆر کەمە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پەیڕەوی نێوخۆییدا هاتووە، دەبێ پابەندی بین."
 
سلێمان ئۆسۆ گوتیشی "هەوڵماندا خولەکە بکەینە یەک ساڵ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، چونکە لە پەیڕەودا 6 مانگ نووسراوە."
 
لە هەڵبژاردنەکەدا، محەممەد ئیسماعیل تاکە بەربژێر بووە. ئەو تاوەکو نیوەی یەکەمی 2025 تەواو دەبێت، سەرۆکی ئەنەکەسە دەبێت.
 
لەبارەی ئامانج و کارەکانی داهاتووی وەکو سەرۆکی ئەنەکەسە، محەممەد ئیسماعیل گوتی، "هەوڵی تەواو دەدەین لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانی لە مافی کورد بکەین و نوێنەری راستەقینەی گەلی خۆمان بین، هەنگاوی جیدیش دەگرینەبەر بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمان لە دەستووری نوێی سووریادا."
 
پێش محەممەد ئیسماعیل، رۆژی 5ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، سولێمان ئۆسۆ وەکو سەرۆکی ئەنەکەسە هەڵبژێردرابوو.
 
ئەنەکەسە، ساڵی 2011 لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دامەزرا،  ژمارەیەک حیزب و لایەنی تێدایە و یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
بایۆگرافیی محەممەد ئیسماعیل:
 
- ساڵی 1958 لە گوندی سوەیدییە فوقانی لە سنووری دێرک لەدایکبووە.
- لە ساڵی 1976ـەوە بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا.
- ساڵی 1980 بڕوانامەی کیمیای بەرجەستەکردن بەدەستهێناوە.
- ساڵی 1987 بەهۆکاری سیاسیی لە کاری مامۆستایەتی دەرکرا.
- چەند ساڵێک سەرنووسەری گۆڤاری "ژین" بووە لە دیمەشق.
- ساڵی 2002 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا.
- 2014 بووە سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا.
- ئەمڕۆ وەک سەرۆکی ئەنەکەسە هەڵبژێردرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە