لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق چەند کەسێک کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و لە ئەنجامدا لانیکەم چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و فڕۆکەخانەکەش وەستا.
 
رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، "هێرشەکە کاژێر 02:00 بە کاتی نێوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] روویداوە و بووەتە هۆی وەستاندنی کارەکانی فڕۆکەخانەکە."
 
ئاژانسەکەی سووریا لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و دەوروبەرەکەی کردووەتە ئامانج و "دوو سەربازی سووریا کوژراون."
 
سەرچاوە خۆجێییەکانیش دەڵێن، کۆی گشتی "چوار کەس، لەنێویدا دوو سەرباز کوژراون."
 
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوەش دەکەن کە مووشەکەکانی ئیسرائیل "پێگەکانی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و کۆگەی چەک و تەقەمەنییان لەنێو فڕۆکەخانە و دەوروبەری کردووەتە ئامانج."
 
دوایین جار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لەکارکەوتبێت، لە مانگی حوزەیرانی 2022 بوو، ئەوەش لەدوای هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بوو.
 
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت ئۆدید باسیوک، سەرۆکی سوپای بەرگریی ئیسرائیل رۆژی 28-12-2022 دیدگەی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی 2023ی خستەڕوو و گوتی، "پێمان وایە چالاکییەکانمان لە سووریا ئەوە پێشان دەدەن کە چالاکیی سەربازیی بەردەوام، کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت" و "ئێمە حیزبوڵڵا لە سووریا قبووڵ ناکەین."
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا کە بە زۆرییش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی دیکەی نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج.
 
ئیسرائیل ئەوە ناشارێتەوە کە هێرشی لەو جۆرەی کردووەتە سەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.