وەزیری دەرەوەی ئێران: پەیامی پشتیوانیی ئێرانم گەیاندە بەشار ئەسەد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی سووریا کۆبوونەوە؛ عەباس عێراقچی دەڵێت، "پەیامی پشتیوانیی ئێرانم گەیاندە بەشار ئەسەد".
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتی ئەمنی لەو وڵاتە، گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەوە و تاوتوێی پەیوەندی دوو لایەنە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، عێراقچی رایگەیاند، "دیدارێکی بەسوود و راشکاوانە و دۆستانەم لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەنجامدا".
عێراقچی گوتی، "سرووشتییە کە دۆخەکە سەخت بێت، بەڵام ئازایەتی و رووحیەتی سەرۆکی سووریا جێگای ستایش بوو".
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، "وردەکاریی ئەو پاڵپشتییانەی کە پێویستە پێشکێشی سووریا بکرێن لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ کرا".
عێراقچی گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا لێکتێگەیشتنێکی باش هەبوو لەنێوان هەردوو لایەن و پەیامی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانم بە وڵات و گەلی سووریا و بەشار ئەسەد گەیاند".
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای دیمەشق سەردانی ئەنقەرە بکات.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریری شام (جەبهەتولنوسرەی پێشوو) لە ئیدلبەوە هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب، دوای چەند کاژێرێک شارەکەی کۆنترۆڵکرد.