نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا: زیادبوونی گرژییەکان مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، زیادبوونی گرژییەکانی سووریا مەترسی لەسەر ژیانی کەسانی سڤیل هەیە و کاریگەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت؛ داواش دەکات لایەنەکانی بەشدار لە شەڕەکە کەسانی سڤیل بپارێزن.
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە وڵاتێکدا کە 14 ساڵە بەدەست جەنگ و گرژییەوە دەناڵێنێت، زیادبوونی گرژییەکان مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروستکردووە و کاریگەری جیدیشی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت".
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێک ئاراستەی لایەنەکانی جەنگ دەکات و دەڵێت، "داوایان لێدەکەم پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل بن. ئەمە نامەیەکی روونە بۆ هەموو ئەو لایەنانە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەموو لایەنەکان کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن.
نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکاری زیادبوونی ئەو گرژیانە شکستی لایەنەکانی ئەو وڵاتە بوو لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015 بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سووریا؛ جەختی لەوەش کردەوە، بەبێ دانیشتنی لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، سووریا رووبەڕووی دابەشبوون و وێرانکاری زیاتر دەبێتەوە.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیان کردووە. ئەو رۆژە دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە کرد کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادان، بەتایبەت لە پارێزگای حەلەب.