ئیمارات لە بارەى دۆخى سووریا گفتوگۆ لەگەڵ سێ وڵات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دەرەوەى ئیماراتى عەرەبی لەبارەى دۆخى سووریا لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى عێراق، میسر و ئوردن گفتوگۆی کرد.
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى دەرەوەى ئیماراتى عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەیمەن سەفدى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن و بەدر عەبدولعاتى، وەزیرى دەرەوەی میسر کردووە.
وەزارەتى دەروەى ئیمارات رایگەیاندووە: "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا عەبدوڵڵا بن زیاد لەگەڵ وەزیرانى دەرەوەى ئەو سێ وڵاتە دۆخى سووریایان تاوتوێ کردووە."
عەبدوڵڵا بن زیاد جەختى لە هەڵوێستى ئیمارات کردووەتەوە بۆ پاڵپشتى سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر.
هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئیمارات هیواى سەقامگیرى و ئاسایش و گەشەسەندنى بۆ عێراق خواستووە.
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەراگەیێنراوێکدا باسی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کردووە، تێیدا باسی پێشهاتە ئەمنییەکانى ئێستا لە سووریا کراوە.
بە گوێرەى راگەیێنراوەکە، هەردوولا هەڵوێستى جێگیری خۆیان بۆ پاڵپشتى سووریا لە رووبەڕبوونەوەى تیرۆر و تووندڕۆیی دووپاتکردووەتەوە.