حکومەتەکەى تەحریری شام بۆ عێراق: هەڕەشە نابین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریتان
رووداو دیجیتاڵ
"حکومەتى رزگاریى سووریا"ى دەستەى تەحریری شام لە سووریا لە پەیامێکدا بۆ حکومەتى عێراق راگەیاند: شۆڕشەکەیان بۆ رزگاکردنى گەلى سووریایە لە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد و هەڕەشە نابن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریى عێراق.
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، کارگێڕیى کاروبارى سیاسى لە"حکومەتى رزگاریى سووریا "ى سەر بە دەستەى تەحریرى شام، پەیامێکى ئاڕاستەى حکومەتى عێراق کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە جەخت لەسەر پەیوەندى برایانەى هەردوو گەلى سووریا و عێراقى دەکەنەوە و بڕواى خۆیان بە بەرژەوەندى هاوبەش پێشانداوە، کە پێویستى بە لێکتێگەیشتن و هاریکاریى بەردەوامە لە نێوان هەرلادوو وڵات.
ئەو حکومەتە کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى دەستەى تەحریری شام باڵا دەستە، دەڵێت"شۆڕشەکەمان بۆ رزگاکردنى گەلى سووریایە لە ستەمى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد و هیچ هەڕەشەیەک نابین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریى عێراق یان هەر دەوڵەتێکى دیکەى ناوچەکە."
ئەو حکومتەى دەستەى ئەحراری شام لە ساڵى 2017 دامەزراوە، بارەگاى سەرەکى لە شارى ئیدلبى سووریایە.
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە، "ئێمە لە حکومەتى زرگاری، حکومەت و گەلى عێراق دڵنیا دەکەینەوە کە سووریا نابێتە مایەى دڵەڕاوکێ بۆ ناوچەکە، بەپێچەوانەوە ئێمە پابەندین بە پەرەپێدان و بەهێزکردنى پەیوەندى هاریکارى برایانە لەگەڵ عێراق بۆ گەرەنتیکردنى سەقامگیریى ناوچەکە و هێنانە کایەى بەرژوەندى هاوبەش بۆ هەردوو گەلەکەمان".
ئەو پەیامەى حکومەتەکەى تەحریری شام لەکاتێدایە، حکومەتى عێراق رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ رێگرى لە مەترسییەکانى دۆخى سووریا و کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە لەلایەن چەکدارانى دەستەى تەحریری شام لە سەر سنوورەکانیەوە. بەغدا ئەو گرووپە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى عێراق دەزانێت.
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.