وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ لەبارەی سووریا و ناوچەکە گەیشتە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییە هاوبەشەکان و کێشە ناوچەییەکان گەیشتە ئەنقەرە.
رۆژی دووشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەلایەن بەرپرسانی تورکیا و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە پێشوازی لێکرا.
میدیای ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی ناوچەکە بەتایبەت سووریا بەشێک دەبێت لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی عێراقچی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا.
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تورکیا دوای ئەوە هات کە دوێنێ سەردانی دیمەشقی کرد. لەوێ لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ خەڵک و حکومەتی سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆردا" دەربڕی.
لە رۆژی چوارشەممەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب، کرد.
تاوەکو ئێستا هەریەک لە وڵاتانی ئێران و رووسیا بە ئاشکرا پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە حکومەتی سووریا پشانداوە. ئیسرائیل بێلایەنی خۆی راگەیاندووە. ئەمریکاش داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل دەکات.