ڤیدیۆ: وەزیرى دەرەوەى ئێران لە چێشتخانەیەکى دیمەشق نان دەخوات
رووداو دیجیتاڵ
میدیاى فەرمى ئێران دیمەنى نانخواردنى وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى بڵاوکردەوە لە یەکێک لە چێشتخانەکانى دیمەشقى پایتەختى سووریا، کاتێک سەردانى ئەو وڵاتەى کردووە.
دیمەنەکە لە لایەن ئاژانسى ئیرناى فەرمیى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بڵاوکراوەتەوە، تێیدا عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران و چەند هاوەڵێکى لە یەکێک لە چێشتخانەکانى دیمەشق لە کاتى نان خواردن دەردەکەون.
رۆژى یەکشەممە 1ی کانوونى یەکەمی 2024، عەباس عێراقچى، بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە سووریا بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەو وڵاتە، لە دواى ئەوەى دەستەى تەحریری شام زۆربەی شاری حەلەب و چەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتەى کۆنتڕۆڵ کرد.
وەزیرى دەرەوەى ئێران لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا کۆبووەوە، عێراقچى بە رۆژنامەڤانانى گوت: "سەردانەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هەموو گۆڕانکارییەکى سنوور و دەستوەردان و داگیرکارى بیانى رەتدەکاتەوە".