سووریا
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەردوولا باسیان کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا کردووە.
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا تورکیاییەکەی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سووریا و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل کرد.
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا کرد".
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، میڵەر گوتی، "بلینکن و فیدان گفتوگۆیان لەبارەی پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە کرد".
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا دەستیان پێکردووە. دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی پارێزگای حەمای ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کرد.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا لەبارەی زیانی گیانیی شەڕ و بۆردوومانەکانی ئەم پێنج رۆژەوە دەڵێن، تاوەکو ئێستا 412 کەس کوژراون کە 214یان چەکداری دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی بووە. هەروەها، 137یشیان سەرباز و چەکداری نزیک لە حکومەتی سووریا بوون.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی شەڕی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردوومانەکانی سوپاکانی سووریا و رووسیا 61 هاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون کە 17یان رۆژی شەممەی رابردوو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ