رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێزدینا رایگەیاند، پێنج هەزار کوردی ئێزدی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و ناوچەی شەهبا لە دۆخێکی سەختدان.
عەلی عیسۆ، لەبارەی دوایین دۆخی گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، رۆژی دووشەممە 02.12.2024 بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئیستا مەترسییەکی گەورە لەسەر دانیشتووانی کوردی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب و ناوچەی شەهبا هەیە. مەترسی هەیە پێشێلکاری گەورە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی ناوچەکە بکرێت".
عەلی عیسۆ گوتی، "مەترسییەکی دیکەش هەیە بۆ سەر کوردانی ئێزدی، لەبەرئەوەی لەلایەک کوردن و لەلایەکی دیکەوە ئیزدین. بەپێی زانیارییەکانمان چارەنووسی هاووڵاتییەکی سڤیلی ئێزدی دیار نییە کە تەمەنی 63 ساڵانە".
گوتیشی، "لە گەرەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و لە ناوچەی شەهبا نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی هەن و ئێستا لە دۆخێکی سەختدان."
بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێزدینا دەڵێت، "ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن هێزە چەکدارە تووندڕەوەکانەوە پێشێلکاری زۆر گەورە بەرامبەر بە دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و بە تایبەت کوردانی ئێزدی بکرێت و ناوچەکە تاڵان بکرێت".
جەخت لەوەش دەکاتەوە، نابێت جارێکی دیکە رێگە بدرێت کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کوردی رۆژئاوای کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەش بانگەوازێک ئاراستەی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردییەکان دەکات.
بە گوتەی عەلی عیسۆ، لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، نزیکەی نیو ملیۆن کورد هەن، بە تایبەتیش ئاوارەکانی هەرێمی عەفرین کە دوای شەڕی عەفرین لە شەهبا جێگیربوونە و ئێستا نازانرێت چارەنووسیان چی لێدێت.
عەلی عیسۆ ئاماژە بەوە دەکات، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە و ناوچەی شەهبا و گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ئێستا لە دۆخێکی سەختدان.
هەرچەندە دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵکردنی حەلەبی راگەیاندووە، بەڵام تائێستا گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەد دان.
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات کە بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب دەربچن و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، فەرهاد شامى، گوتەبێژى هەسەدە رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن قایل بووین بە کشانەوە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ