گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی شێراوە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا کۆنترۆڵکردنی ناوچەی شێراوایان لە رۆژئاوای تەلڕەفعەت راگەیاند.
ناوچەی شێراوە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە دابوو.
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی لە ناوچەکەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ناوچەی شێراوای عەفرین بە تەواوی کەوتووەتە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەمان زانیاری ئاماژە بەوە دەکات، گرووپەکان رێگەی سەرەکی باب سەلامە - عەزاز - حەلەبیان گرتووە و گەیشتوونەتە دەروازەی شاری تەلڕەفعەت.
تاوەکو ئێستا هەسەدە دوو گەڕەکی کوردنشینی بەدەستەوەیە و ئامادە نییە بکشێتەوە.
1ی کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتیى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات کە بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب دەربچن و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
ئەگەرچی لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، فەرهاد شامى، گوتەبێژى هەسەدە رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن قایل بووین بە کشانەوە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە"، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوە لەو گەڕەکە کوردییانەی حەلەب.