رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی دوایین پێشهاتەکان لە سووریا رایگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا "پلانێکی زایۆنی- ئەمریکی" و پیلانگێڕییەکی مەترسیدارە بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەمان. جەختی لە پشتگیری هەمەلایەنەی ئێران بۆ حکومەت و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.
محەممەدباقر قالیباف، ئەمڕۆ یەکشەممە، 01.12.2024، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی هێرشی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی دیکە لە باکووری رۆژئاوای سووریا سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "ئێمە بە تووندی پشتگیری لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین، پشتیوانی لە حکومەت و گەلی سووریا دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان."
بە گوتەی قالیباف، دەستپێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا لە کاتێکدا کە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ئاگربەست راگەیێندراوە، جێگەی گومانە و دەڵێت، "کاتی هێرشەکان ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێکی زایۆنی-ئەمریکی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەمان."
قالیباف دەڵێت، "لەم دۆخەدا پێویستە ژیرەکانی ناوچەکە لە پێناو بێ کاریگەرکردنی ئەم پیلانگێڕییە مەترسیدارە و رووبەڕووبوونەوەی کردەوەی تیرۆریستان لە سووریا و ناوچەکەدا هەنگاو بنێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی سووریان و دەڵێت، "داڕێژەرانی ئەم پیلانگێرییە پێویستە بزانن کە یاریکردن بە کارتی رەشی تیرۆر رۆژێک لە رۆژان لە نێو خاکی خۆیاندا تووشیان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ