دەستەى تەحریرى شام بۆ هەسەدە: بە چەکەکانتانەوە لە حەلەب بکشێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى تەحریری شام پەیامێک ئاراستەى هەسەدە دەکات بۆ کشانەوە لە شارى حەلەب و گوتەبێژى هەسەدەش دەڵێت: "قایل نەبووین بەوەى لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بکشێینەوە".
1ی کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتیى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات کە بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
رۆژی چوارشەممە 27ى تشرینى دووەم، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشەکەیان کردووە و بەشێکی گەورەی شاری حەلەبیان کۆنتڕۆڵکردووە. تەنیا دوو گەڕەکی کوردنشین نەبێت کە لە ژێر دەستی هەسەدە ماون.
هێزە کوردییەکان بۆ پاراستنی گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکان لە تەلڕەفعەتەوە لە باکووری حەلەبەوە بەرەو باشوور و دواتر رۆژهەڵاتی شارەکە پێشڕەوییان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتىی ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام رایگەیاندووە، "لە بەرامبەر ئەوەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە کوردانى سووریا بەشێکى دانەبڕاون لە کۆمەڵگەى سووریان و هەموو مافێکى هاوبەشیان هەیە لەگەڵ رۆڵەکانى دیکەى ئەم وڵاتە، ئەوە بۆ هاووڵاتییانى کورد لە شێخ مەقسود و شارۆچکەکانى دیکەى شارى حەلەب دووپات دەکەینەوە کە ئێوە کەسوکارمانن، ئەوەى بۆ ئێمە هەیە بۆ ئێوەش هەیە، ئەوەى لەسەر ئێوەشە لەسەر ئێمەشە، ئێمە بەرپرسیارین لە پاراستنتان و دەستبەرکردنى ژیانێکى سەربەرزانە بۆتان".
ئەگەرچی لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، فەرهاد شامى، گوتەبێژى هەسەدە رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن قایل بووین بە کشانەوە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە"، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوە لەو گەڕەکە کوردییانەی حەلەب.