وەزارەتى بەرگریى سووریا: بە هاوبەشی رووسیا سێ شوێنی ئیدلب و حەلەبمان بۆردوومان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى بەرگریی سووریا رایگەیاند: سێ بۆردوومانى ئاسمانیی هاوبەشیان لەگەڵ رووسیا کردووەتە سەر چەند ئامانجێکى شارەکانى ئیدلب و حەلەب و تێیدا، دەیان "تیرۆریست" کوژراون. 
 
1ی کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى بەرگریى سووریا لە سێ راگەیێندراوى جیاوازدا ئاماژەى بە بۆردوومانى ئاسمانیی هاوبەش داوە گوایە لەگەڵ رووسیا لە دژى چەکدارانى دەستەى تەحریری شام ئەنجامیانداوە.
 
بە گوێرەى ئەو وەزارەتە یەکێک لە بۆردوومانەکان پێگەیەکى نزیک گۆڕەپانى حەمدانییە لە پارێزگاى حەلەب کردووەتە ئامانج، کە تێیدا ژمارەیەک لە چەکدارانى گرووپە "تیرۆریستیەکان" گردبوونەتەوە و ژمارەیەکیان لێ کوژراون. 
 
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە کە بۆردوومانێکى هاوبەشی دیکەیان لەگەڵ رووسیا لە شارۆچکەى سەفیرە لە گوندەوارى شارى حەلەب ئەنجامداوە، بە هۆیەوە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دەیان تیرۆریست پێکراون".
 
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و زۆربەی ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
 
راگەیێندراوێکى دیکەى وەزارەتى بەرگریى سووریا ئاماژەى بەوە داوە کە بە هاوبەشى لەگەڵ رووسیا کاروانێکى گواستنەوەى چەک و تەقەمەنى ئەو گرووپانەیان لە گوندەوارى ئیدلبى رۆژهەڵات بۆردوومان کردووە و تێکیان شکاندوون.