یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: داوای دەستبەجێ ئاگربەست و گفتوگۆ دەکەم لە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوئاهەنگیکاری مرۆیی لە سووریا دەڵێت، خەڵکی سووریا خۆیان لە زەبری دەروونیی ئاوارەبووندان، "ئێستا دووبارە ئاوارە دەبنەوە."
رۆژی یەکشەممە 01-12-2024، ئادەم عەبدولمەولا، داوایکرد "دەستبەجێ تووندوتیژییەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا بوەستن و گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکاندا دەستپێبکات."
رۆژی چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریری شام (جەبهەتولنوسرەی پێشوو) لە ئیدلبەوە هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب، دوای چەند کاژێرێک شارەکەی کۆنترۆڵکرد.
شاری حەلەب لە ژێر دەسەڵاتی سوپای دەوڵەتی سووریا بوو، دوای هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە، تەنیا گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەکەوتنە ژێر دەستی تەحریری شام، ئەوانیش لەژێر دەستی هێزە کوردییەکانن (یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی ئاسایش).
عەبدولمەولا کە لە هەمان کاتدا هاوئاهەنگیکاری کاروباری مرۆیی سووریایە گوتی: "ئەو گرژییەی لە چوارشەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی لەدەستدانی تراژیدیی خەڵکی سڤیل لەنێویاندا ژنان و منداڵان، زیانگەیاندن بە ژێرخانی مەدەنی و راوەستانی خزمەتگوزاریی گرنگ."
یاریدەدەرەکەی گوتێرێز پێیوایە، "ئەم گرژییە لە کاتێک دروستبوو کە چەندین خەڵک هێشتا لە زەبری دەروونیی ئاوارەبووندان، ئێستا دووبارە ئاوارە دەبنەوە و ماڵەکانیان چۆڵدەکەن."
ئادەم عەبدولمەولا داوایکرد، هەموو لایەنەکانی "نێو تەنگژەکە" دەستبەجێ شەڕ رابگرن و پاراستنی خەڵکی بێتاوان بکەنە کاری لە پێشینەیان. "نابێت خەڵکی سووریا لەوە زیاتر مەینەتی ببینن، داوا دەکەین دەرفەت بە گفتوگۆکردن بدرێت."
پێش دەستپێکردنی هێرشە چڕەکانی سەر لوبنان لە ئەیلوولی 2024 و گەڕانەوەی نزیکەی نیو ملیۆن سووریایی بۆ زێدی خۆیان، لانیکەم 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە جەیک سوڵیڤان، سەبارەت بە گرژییەکانی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکە لە راوێژداین بۆ دۆزینەوەی باشترین رێگە (چارەسەر) بۆ دۆخەکە. ئەوەی دەمانەوێت بیبینین جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکانە کە دەبێتە ئاشتی و سەقامگیری بۆ سووریا و پارێزبەندی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانە کەمینە ئایینییەکان."
لەلایەکی دیکە، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە وڵاتێکدا کە 14 ساڵە بەدەست جەنگ و گرژییەوە دەناڵێنێت، زیادبوونی گرژییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروستکردووە و کاریگەری جیدیشی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت".
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دەستپێکی هێرشەکانەوە زیاتر لە 412 کەس کوژراون کە زۆرینەیان چەکدار بوون.