بەریتانیا: رژێمی ئەسەد هۆکاری گرژییەکانی سووریایە
رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا دەڵێت، سەرۆکی سووریا و حکومەتەکەی هۆکاری گرژییەکانی سووریا و گرتنی حەلەبن. "ئەوان پشت بە رووسیا و ئێران دەبەستن."
رۆژی شەممە 01-12-2024، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: "رژێمی ئەسەد دۆخێکی بۆ زیادبوونی گرژییەکانی ئێستا دروستکردووە، ئەمەش لە رێگەی رەتکردنەوەی بەردەوامی پرۆسەی سیاسی و پشتبەستنی بە رووسیا و ئێران."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هەروەها بڵاویکردەوە: "بانگەوازی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دووبارە دەکەینەوە."
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی، کە دژی حکومەتی سووریان گەیشتنە دەورووبەری شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا. تاوەکو ئەمڕۆ توانیویانە هەموو حەلەب جگە لە دوو گەڕەک، کە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەن، کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەو دوو گەڕەکەی کە کۆنتڕۆڵ نەکراون کوردنشینن و ئێستا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەوێن.
دوێنێ شەممە، شۆن ساڤیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پشتبەستنی سووریا بە رووسیا و ئێران،" هەروەها رەتکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015 بۆ ئاشتی دیاریکردبوو، "بوونە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا." گوتیشی، "لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نییە کە دەستەی تەحریری شام دەستیپێکردووە، کە رێخکراوێکی بە تیرۆریست پۆلێنکراوە."
حکومەتی سووریا و رووسیای هاوپەیمانی بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکەن کە دەستەکە گرتوونی. بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا 372 کوژراون؛ کە 210ـیان چەکدار، 114 سەرباز و 48 سڤیلن.