فەرماندەیی گشتیی هەسەدە: سەرنجی هێرشەکە لەسەر ناوچەکانی شەهبا و حەلەبە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە، لەبارەی هێرشی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی سووریا رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە داگیرکردنی هەموو خاکی سووریا و بە تایبەتیش داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. جەختیش دەکاتەوە، ئێستا سەرنجی هێرشەکە لەسەر ناوچەکانی شەهبا و حەلەبە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەسەدە راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامدرا و هێزەکانی حکومەتی سووریا لە حەلەب و چەندین ناوچەی دیکە شکستیان هێنا."
 
هەسەدە پێیوایە هێرشەکە پلانێکی تورکیایە بۆ "داگیرکردنی هەموو خاکی سووریا و بە تایبەتیش داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر."
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها باس لەوە دەکات، سەرنجی هێرشەکە لەسەر هەردوو ناوچەی شەهبا و حەلەبە و دەڵێت: "پلانێکی بەرفراوانی کۆمەڵکوژی لە دژی گەلەکەمان لە شەهبا و حەلەب هەیە. ئەم دۆخە بۆ هەموو گەلی سووریا و بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیمۆکراتیک دۆخێکی مێژوویی و ژیانییە."  
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشەکەیان کردووە و بەشێکی گەورەی شاری حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە، هەروەها بەرەو ناوچەکانی باکووری پارێزگای حەما پێشڕەوییان کردووە و دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی شەهبا و شاری تەلڕفعەت کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بێگومان هێزەکانی هەسەدە بە تووندی لە دژی هێرشەکان دەوەستنەوە و ئەرکی مێژوویی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکە و پاراستنی خەڵک جێبەجێ دەکەن."
 
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە داوا لە خەڵکی ناوچەکانی بەڕێوەبەڕایەرتیی خۆسەر دەکات، بەشداری لە چەکهەڵگرتنی گشتی بکەن و بەرگری لە گوند، شار و ناوچەکانیان بکەن و دەڵێت، "به تایبەتی داوا له هەموو گەنجانی ناوچەکه بە کورد، عەرەب، سریان، ئاشووری، ئەرمەن، تورکمان و چەرکەز دەکەین، بەرپرسیارێتی مێژوویی هەڵگرن، بچنە بەرەکانی شەڕ و بەشداری لە ریزەکانی هەسەدە، یەپەگە-یەپەژە دا بکەن."