بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووداو: 40٪ـی دانیشتووانی کامپی هۆل لە کامپەکە نەماون

02-10-2024
تەنیا ئەحمەد
هەڤەپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش
هەڤەپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی "لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی لە نێو کامپی هۆلن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک 40٪ـی ژمارەکە کەمبووەتەوە؛ لە 70 هەزار کەسەوە بۆ 40 هەزار کەس کەمبووەتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش گوتی، "هەر رێکخراوێک لە هاوکاری و پشتگیریکردنی داعش تێوەگلابێت، دەبێتە ئامانجی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش."
 
سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش لە عێراق و سووریا، مارتن وۆر باسی لەوە کرد: "هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە ئەوەیە کە لە عێراق کەم بوونەتەوە بەڵام کۆتاییان نەهاتووە، دەبێت گوشارەکانمان بهێڵینەوە تاوەکو ئەوان لە ژێر کۆنترۆڵدا بهێڵینەوە، لە سووریا رەوشەکە کەمێك خراپترە، ئێمە دەبینین کە داعش لە سووریا  خەریکە سەرهەڵدەداتەوە."
 
هەڤەپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش
 
رووداو: زۆر سوپاس مارتن کە میوانی رووداویت.
 
مارتن وۆر: خۆشحاڵم.
 
رووداو: پێش هەموو شتێک، با باسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بکەین لە عێراق و سووریا. دەکرێت بۆ بینەرانمان روونبکەیتەوە، لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی چیتان کردووە و چارەنووسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی داهاتوو لە عێراق و سووریا چی لێدێت؟
 
مارتن وۆر: خۆشحاڵ دەبم سەبارەت بەو بابەتە قسە بکەم. سەرنجی بینەرەکانت رادەکێشم بۆ ئەو راگەیێندراوە زۆر گرنگەی رۆژی هەینیی ئەمریکا و عێراق، پەیامە سەرەکییەکەش ئەوەیە کە ئەرکی هێزەکانی دژ بە داعش بۆ زنجیرەیەک رێککەوتنی هاوئاهەنگیکار دەگۆڕدرێت، رێککەوتنی دوو قۆڵی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا  و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیەتییەکەش. ئەوەش وا خراوەتەڕوو کە گوایە ئەمە کۆتایی بە پشتگیری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ حکومەتی عێراق دەهێنێت کە ئەوەش راست نییە، ئێمە باس لە گواستنەوە دەکەین باس لە درێژەدان بە پشتگیری دەکەین، بەڵام بە شێوازێکی دیکە، ئەوە تاوەکو ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبێت، حکومەتیی ئەمریکا و عێراق هەروەها رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە پشتگیرییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا ئەوەیان تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەبێت، دوای ئەوە بەگوێرەی رەوشی ئەو دەمە گفتوگۆ دەکرێت و بڕیار دەدرێت چی بکرێت.
 
رووداو: کەواتە هێشتا بڕیاریان لەسەر نەدراوە؟
 
مارتن وۆر: نەخێر، پێموایە زۆر گرنگە تێبگەین کە ئێمە کۆمەڵێك پرەنسیپ و دەستپێشخەریمان هەیە کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە بەڵام وردەکاریی ئەو رێککەوتنانە دەبێت کاریان لەسەر بکرێت، ئەوەیە بابەتەکە کە هەردوولا لە چەند مانگی داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
 
رووداو: تۆ باسی وردەکارییەکانت کرد، بەڵام بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی میدیایی و ئەو شتانەی لە ناوچەکە روودەدەن، بینیمان جموجۆڵەکانی داعش بەراورد بە ساڵی رابردوو لە عێراق و سووریا زیاتربوون. پێتوانییە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هانی ئەو گرووپە تیرۆریستە دەدات دووبارە لە عێراق و سووریا سەرهەڵبداتەوە؟
 
مارتن وۆر: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە من قسە لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە ناکەم، دەمەوێت جەخت لەو خاڵە بکەمەوە، ئەوە گواستنەوەیە لە قۆناخێكەوە بۆ قۆناخێکی دیکە، رێگەم پێ بدە روونی بکەمەوە، 10 ساڵ لەمەوبەر کە داعش هێرشیکرد و بەشێك لە عێراق و سووریای داگیرکرد، لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە دەم داواکەی عێراقەوە چوو و پشتگیری لە هێزە عێراقییەکان لە نێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە کرد، لە 2017دا داعش لە عێراق دەرکرا و لە 2019 داعش شکستی زەوینی هێنا لە 2019وە هەڕەشەکانی داعش بەرە بەرە کەمتر دەبوونەوە، ئەوەش بەهۆی زیاتربوونی گوشاری هاوپەیمانان و  هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سەر داعش، داکشانی ئەو هەڕەشەیە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو وەکو گوتم لە زیادبوونی گوشارەکانەوە دروست بووە، ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای زۆر زیاتریان هەیە لە درێژەدان بە گوشارخستنەسەر داعش، ئەو گوشارە هێشتا تاڕادەیەک بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو هاوکارییانە کەمترن بەراورد بە پێشتر، بەرە بەرە ئەو پشتگیرییە کەم دەبێتەوە، بەڵام چاودێری هێزە عێراقییەکان دەکەین تاوەکو دڵنیابینەوە لە تێکشکانی هەمیشەیی داعش، بۆیە من جارێكی دیکە جەخت دەکەمەوە ئەوە کشانەوە نییە و کۆتایی بە ئەرکەکانیان نییە، بەڵکو درێژەدانە پێیان یان پەرەدانە پێیان، با بەو جۆرە بیڵێم.
 
رووداو: کەواتە ئەوە مانای وایە ئێوە تەنانەت لە دوای ئەیلوولی 2025 و 2026ـیش پشتگیریی لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدە دەکەن؟
 
مارتن وۆر: بۆ دوای 2025 بەڵێ، بۆ دوای ئەیلوولی 2026 بە روونی لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە بە دۆخی ئەو دەمە بەستراوەتەوە، ئێمە نازانین رەوشەکە چۆن دەبێت لە ئەیلوولی 2026.
 
رووداو: هەر لەبارەی ئەندامانی داعش، بە گوێرەی سێنتکۆم هێشتا 2500 ئەندامی چالاکی داعش لە ناوچەکە جموجۆڵ دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستانن، هەروەها نزیکەی 43 هەزار ئەندامی خێزانی ئەو چەکدارانە لەوێن. ئایا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئایا هیچ هەڕەشەیەکی دووبارە خۆڕێکخستنەوەی ئەو گرووپانە و جموجۆڵەکانیان لە ناوچەکە هەیە؟
 
مارتن وۆر: سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش لە عێراق، هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە ئەوەیە کە کەم بوونەتەوە بەڵام کۆتاییان نەهاتووە، دەبێت گوشارەکانمان بهێڵینەوە تاوەکو ئەوان لە ژێر کۆنترۆڵدا بهێڵینەوە، لە سووریا رەوشەکە کەمێك خراپترە، ئێمە دەبینین کە داعش لە سووریا کەمێك خەریکە هەڵدەستێتەوە؛ ئەوەش لە هەڵکشانی هێرش، زیادبوونی بانگەشەکانیان و زیادبوونی ژمارەی خەڵکی کوژراو و بریندار، ئێمە نیگەرانین لەو رەشەی کە هەیە و ئێمە دەزانین کە سووریا وڵاتێکی ناسەقامگیرە ئەوەش دەرفەت دەداتە داعش جووڵەی زیاتر بکات، لە کامپەکانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش ئەندامانی زۆری داعش هەن، کە دەستگیرکراون، خەڵکێکی زۆر هەن لە زیندانەکانن، بەشێکیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و بەشێکیان پەیوەندییان نییە و بەشێكی زۆریشیان منداڵن  و زۆرینەی ئەو منداڵانەش لەو کامپانەدا لەدایکبوون، بۆیە زۆر گرنگە ئەوانە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان تاوەکو ژمارەی دانیشتووانی ئەو کامپە کەم بکرێتەوە بە تایبەتی کامپی هۆل تاوەکو تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە و ژیانێکی باشتر و ئاسایی بژین.
 
رووداو: لەبەرچی وڵاتانی دیکە هاووڵاتییەکانی خۆیان ناگەڕێننەوە؟ تەنانەت ئەمریکا و ئەورووپاش چەند هاووڵاتییەکیان لەوێ هەیە، لەبەرچی ماوەیەکی زۆرە نەتانتوانیوە چارەسەرێکی ئەم کێشەیە بکەن؟
 
مارتن وۆر: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی لە نێو کامپی هۆلن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، 40٪ـی ژمارەکە کەمبووەتەوە، ئەمەش واتا لە 70 هەزار کەسەوە بۆ 40 هەزار کەس کەمبووەتەوە. زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکەشن، عێراقی و سووریایین، ئەو ژمارەیەش بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. ئەمەش بەهۆی حکومەتی عێراقەوەیە کە توانیویەتی خەڵکێکی زۆر بگەڕێنێتەوە نێو وڵاتی خۆیان. ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییانی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش بە پشتگیریی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە گەڕێنراونەتەوە وڵاتی خۆیان. من ناتوانم لێدوان لەسەر بۆچوونی یەک بە یەکی وڵاتەکان بدەم لەسەر هاووڵاتییەکانی خۆیان. ئەوەی من دەمەوێت جەختی لێبکەمەوە، ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەیت، دەبینیت کە دۆخەکە ئەرێنییە. ئەگەر یەک یان دوو ساڵ لەمەوبەر سەیری هۆلت کردبا، جێگەی نیگەرانی بوو، ئێستاش جێگەی نیگەرانییە، بەڵام دۆخەکە ئەرێنییە.
 
رووداو: هیچ پێگەیەکی سەربازی لە عێراق و سووریا دەبێت؟ گواستنەوەی چەند هێزێکی سەربازیی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ نموونە لە عەین ئەسەدەوە بۆ هەولێر، یان لە هەولێرەوە بۆ قامیشلۆ؟ پێموایە ئێوە بە نیازن بنکەیەکی سەربازیی نوێ لە عێراق دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پشتگیریی لە ئەرکەکەتان لە سووریا بکات. دەتوانی باسی ئەوەمان بۆ بکەیت؟
 
مارتن وۆر: پێگەی بەردەوامی سەربازی لەوێ دەبێت، ئەگەر راگەیێنراوەکەی هەینیشت خوێندبێتەوە، چەند وردەکارییەکی لەسەر ئەو بابەتە تێدایە. من ناتوانم قسە لەسەر هەموو گۆڕانکارییەکان بکەم کە روودەدەن، ئەوە کاری من نییە.
 
رووداو: ئایا ئێوە تەنیا بەدوای داعشەوەن؟ چەندین گرووپی دیکە هەن کە گرووپی تیرۆریستین و بە ئازادیی لە چەند ناوچەیەکی سووریا جموجۆڵ دەکەن، بۆ نموونە عەفرین، ئەوان هەروەها پشێلکاری و سووکایەتی بە مافەکانی کورد دەکەن. ئایا بۆچوونی هاوپەیمانی لەسەر ئەوە چییە؟ چۆن دەتوانن ئەو گرووپانە ببەزێنن، کە هەندێکیان تەنانەت چەند سەرکردەیەکی داعشیان داڵدەدابوو؟
 
مارتن وۆر: وەڵامی من بە ناوی ئەو رێکخراوە دەبێت کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە دژی داعش. ئاشکرایە، ئەگەر لایەنێک هەبێت کە لە پشتگیریی کردنی داعشدا تێوەگلابێت، ئەوا واتا دەبێتە ئامانجی رەوای هاوپەیمانێتییەکە؛ بەڵام لە سەرووی هەموویانەوە، مەبەستی ئەو هاوپەیمانێتییە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.  
 
رووداو: دوایین پرسیارم، ئەگەر لە دوای ئەیلوولی 2026 پێویستبکات، لە سووریا دەمێننەوە؟ حکومەتێکمان نییە کە هەموو پارچەکانی سووریا بەڕێوەببات، ئەوێ وەکو عێراق نییە، هەروەها ئێوە هیچ پەیوەندییەکیشتان لەگەڵ حکومەتی سووریا نییە. ئایا چۆن لەدوای ئەیلوولی 2026 لەگەڵ کوردەکانی سووریا (هەسەدە) پەیوەندیی دروستدەکەن؟  
 
مارتن وۆر: وەڵامی پرسیارەکەت لە راگەیێنراوەکەی رۆژی هەینی بە وردی باسی لێکراوە. بەڵێ، تاوەکو ئەیلوولی 2026 گواستنەوەکە بەردەوام دەبێت، دواتر بەگوێرەی بارودۆخەکە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە بە رابەرایەتیی ئەمریکا و حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر داهاتووی چالاکییەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەدەن لە سووریا.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە میوانی رووداو بوویت، هیوادارم زوو بتبینینەوە.
 
مارتن وۆر: خۆشحاڵبووم، زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی شاندی ئەمریکی کە لە دیمەشق سەردانی جۆلانیی کردووە. وێنە: AFP

بەرپرسێکی سووریا: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا کرا

بەرپرسێکی سووریا رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا "ئەرێنی بووە".