دەستەی تەحریری شام سێ منداڵ بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی جگەرە دەستگیردەکات


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی تەحریری شام کە لە بەشێکی زۆری پارێزگای ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەسەڵاتدارە، سێ منداڵی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی جگەرە دەستگیرکرد، ئەوەش کاتێک ئەو سێ منداڵە هەوڵی گواستنەوەی جگەرەیان داوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام لە ئیدلب. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، "هۆکاری بە قاچاخبردنی جگەرە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام بریتییە لە بەرزیی نرخی جگەرە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریری شام".
 
وێنەی ئەو سێ منداڵەی کە دەستەی تەحریری شام دەستگیری کردوون بڵاوکراونەتەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە سووریا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیوە؛ دەستگیرکردنی منداڵەکان لە لایەن گرووپە چەکدارییەکەوە رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
زۆربەی کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەژاری و نەبوونی پاڵی بەو منداڵانەوە ناوە لەپێناو دابینکردنی بەشێکی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان کاری بە قاچاخبردنی جگەرە بکەن لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام.
 
دەستەی تەحریری شام جگەرەکێشانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی قەدەخە کردووە، بە بیانووی ئەوەی جگەرەکێشان لە ئیسلامدا رێگەی پێنەدراوە.
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 97٪ی دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای سووریا لە هەژارییەکی تاقەتپڕووکێندا دەژین و زۆربەیان پشت بەو خواردن، دەرمان و پێداویستییانەی دیکە دەبەستن کە رێکخراوەکە لە رێگەی تورکیاوە بۆیان دابیندەکات.