رووداو-واشنتن
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کوشتنی سامی ئەبو ئەحمەد، سەرکردەیەکی ناسراوی ئەلقاعیدەی لە ئیدلب پشتڕاستکردەوە.
لە 20-9-2021 فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی، ئۆتۆمبێلێکی لە رێگەیەکی دەوروبەری ئیدلب کردە ئامانج و کەسێکی تێدا کوژرا.
رۆژی پێنجشەممە 30-9-2021 بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن- رایانگەیاند، هێرشەکە لە لایەن سوپای وڵاتەکەیانەوە ئەنجامدراوە و ئەو کەسەش کە لە هێرشەکەدا کوژراوە، سامی ئەبو ئەحمەد بووە.
جۆن ریگسبی، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەبو ئەحمەد بەرپرسی ئەلقاعیدە بووە لە "پلانداڕشتن و دابینکردنی پارە و رەزامەندیی پێشاندان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە سووریا و دەوروبەری".
کڵاوسپییەکان کە گرووپێکە لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی نەیاری حکومەتی سووریا خۆبەخشانە کاردەکات، لە کاتی هێرشەکەدا رایگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی ئیدلب- بینیش لە رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب ئەنجامدراوە و یەک کەس لە هێرشەکەدا کراوەتە ئامانج و جەستەی کوژراوەکەش لە کاتی دەرهێنانیدا نەناسراوەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە هەر لە رۆژی هێرشەکەدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی دژە تیرۆریان لە نزیک ئیدلب لە سووریا ئەنجامدا و سەرکردەیەکی باڵای ئەلقاعیدەی تێدا کرایە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کەسەی کە ویستوومانە کراوەتە ئامانج و هیچ ئاماژەیەکیش نییە بەوەی کە هیچ کەسێکی سڤیل برینداربووبێت".
بۆ زانیاریی زیاتر، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە پێنتاگۆنەوە کرد، بەڵام زانیاریی زیاتریان لەو بارەوە نەدا و گوتیان، تەنیا ئەوەندە زانیارییان بەردەستە کە پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە.
بەشێکی گەورەی پارێزگای ئیدلب لە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شامدایە کە زۆرجار بەوە تۆمەتبار دەکرێت لقی سووریای رێکخراوی ئەلقاعیدەیە، هەرچەندە بەرپرسەکانی ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.
پێشتریش ئەمریکا هێرشی ئاسمانی لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامداوە. لە 26-10-2019دا ئەمریکا لە هێرشێکدا ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە گوندی بەریشەی هەمان پارێزگا کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ