هەسەدە قەدەخەی هاتووچۆی لە دێرەزوور راگەیاند

01-09-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەسەدە قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگای دێرەزووری سووریا رادەگەیێنێت و دەڵێت، هەنگاوەکەی بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بڵاویکردەوە، لەبەر ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور هەیە و "لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی پەیوەندیدار بە رژێم و شانەکانی داعش هەوڵدەدەن ئاژاوە بنێنەوە و هاووڵاتییانی سڤیل ببەنە نێو پلانەکانیانەوە، ئەنجوومەنی سڤیلی دێرەزوور و هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە قەدەخەی چوونە دەرەوەیان لە دێرەزوور راگەیاند."
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە باس لە وردەکاریی قەدەخەی چوونە دەرەوەکە دەکات و دەڵێت، ئەو قەدەخەیە رۆژی شەممە 02-09-2023 لە کاژێر 5:00ی بەیانی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 48 کاژێر بەردەوام دەبێت.
 
هەسەدە باس لەوە دەکات، ماڵ و موڵک و ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەپارێزێت و رێگە نادات چەکدارەکان خۆیان لەنێو "هاووڵاتییانی سڤیل بشارنەوە."
 
راگەیاندنی ئەم قەدەخەی هاتووچۆیە لە کاتێکدایە، لە 27ی مانگی رابردووەوە گرژی لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و بەشێک لە چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دروستبووە.
 
گرژییەکە دوای ئەوە هات، هەسەدە، ئەحمەد جبەیل ناسراو بە ئەبو خەولە، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور و چوار لە هاوکارەکانی لە حەسەکە دەستگیر کرد.
 
هەسەدە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە کە بۆچی ئەو کەسەی دەستگیر کردووە، بەڵام زانیارییە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن، فەرماندەکەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور خەریکی پیلانگێڕی بووە دژی هەسەدە.
 
نزیکەی 30%ی خاکی سووریا لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە؛ ئەو رووبەرەش بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان، جگە لە هەرێمی عەفرین و شارەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی، بەشێکی پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە