عەفرین ناجێگیرە؛ بەشێک لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا شەڕ دەکەن

01-07-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گرووپە چەکدارە جیهادییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکران، لە چەند شوێنێکی سووریادا لە سوپای تورکیا هەڵگەڕانەوە و داوا دەکەن سوپای تورکیا سووریا چۆڵ بکات.
 
دوای هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و شام، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کە خۆیان بە سوپای سووریای ئازاد (ئۆسۆ) دەناسێنن و پێشتر لەلایەن ئەنقەرەوە پشتگیری دەکران، دەستیان بە پرۆتێستۆکردنی سوپای تورکیا کرد.
 
کاردانەوەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە لە باکووری سووریا، گرژیی بەدوادا هات و لە چەند شوێنێکدا تەقەش کرا. خۆپێشاندەران هەوڵی نزیکبوونەوەی دیپلۆماسیی ئەنقەرە و شام رەتدەکەنەوە و دەڵێن، نابێت ئەو نزیکبوونەوەیە رووبدات، کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە.
 
لە دیوی سووریای دەروازەی راعی (چۆبان بێی) چەند گرووپێکی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر 35 بارهەڵگری تورکیادا گرت و شۆفێرەکانیان بە بارمتە گرت. ئەوە جگە لەوەی لە چەند شوێنێکی دیکەی سووریادا بارهەڵگری تورکیا هێرشیانکرایەسەر و بەشێکیان سووتێندران. 
 
ئاڵای تورکیا سووتێندرا و تەقە لە زرێپۆشی سوپای تورکیا کرا
 
میدیای تورکیا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی گرژییەکان، بەتایبەتی لە چەند شوێنێکدا تەقە لە ئۆتۆمبێلی تورکیا کرا و ئاڵای تورکیاش سووتێندرا. هەروەها لە خۆپێشاندانەکاندا بەشێک لە سووریاییەکان داوا لە سوپای تورکیا دەکەن، وڵاتەکە جێبهێڵن. خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانەش کە سەر بە ئیدارەی تورکیان. لەو شوێنانەدا ئاڵای تورکیایان هێنایە خوارەوە و لە شوێنەکەیدا تەنیا ئاڵا سێ ئەستێرەییەکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان هەڵکرد. 
 
تورکیا هێزی پشتیوانیی ناردە سووریا
 
هەر بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە ناوچەی ئەلبابی سووریادا تەقە لە ئۆتۆمبیلی سوپای تورکیا کراوە. هەروەها گرووپێکی دەمامکداری سووری تەقە لە زرێپۆشی سوپای تورکیا دەکەن.
 
گرژی، خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی سووریا، سوپای تورکیای ناچارکرد هێزی پشتیوانی بنێرێتە ناوچەکە. ئۆتۆمبیلی سەربازی و زرێپۆشی سوپای تورکیا نێردرانە باکووری سووریا. 
 
رووداوەکەی پارێزگای کایسەری رۆڵی هەیە
 
شەوی یەکشەممە 30ـی حوزەیرانی 2024 لە گەڕەکی دانشمەتگازی سەر بە شارۆچکەی مەلیکگازی لە پارێزگای کایسەری تورکیا، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی شەش ساڵی سووریایی لەلایەن پەنابەرێکی سووریایی، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی تورکیا و سووریاییەکانی نیشتەجێی ئەو گەڕەکە روویدا. دوای ئەو تۆمەتە خەڵکی شارەکە هێرشیانکردە سەر دووکانەکانی پەنابەرانی سووریا. بەشێک لە دووکان و ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێندران. 14 پۆلیس و کارمەندێکی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون. 
 
لە ئۆپەراسیۆنێکدا 67 کەس لەو دۆسیەیەی کایسەری دەستگیرکران و گرژییەکان لە پارێزگای کایسەری درێژەیان هەیە.
 
لە نێوخۆی تورکیادا بەشێکی زۆر لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووند لە حکومەتی ئاکپارتی دەگرن بەوەی، بوونی کێشە لە سیاسەتی دەرەوە کارەکەی بەمە گەیاندووە. 
 
سوپای سووریای ئازاد (ئۆسۆ) چییە؟
 
ساڵی 2011 بەشێک لە گرووپە چەکدارە جیهادییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا یەکخران و بە سوپای سووریای ئازاد (ئۆسۆ) خۆیان ناساند. ئامانجی گرووپەکە رووخاندنی بەشار ئەسەد بوو. ساڵی 2017 تورکیا ناوی گرووپەکەی گۆڕی بۆ تۆسۆ.
 
تۆسۆ کورتکراوەی سوپای نیشتمانیی سووریا بە پشتیوانیی تورکیایە. ئەو چەکدارانە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان هاوکاریی ئەنقەرەیان کرد. ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکانی جەرابلوس، باب، عەزاز، عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی هاوشانی سەربازانی سوپای تورکیا لەسەر ئەرکدان. تائێستا بە درووستی ژمارەیان نازانرێت، بەڵام سەرچاوەکان باس لە بوونی نزیکەی 70 هەزار چەکدار دەکەن.
 
بوونی سوپای تورکیا لە خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان
 
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
 
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی [چڵە زەیتوون] لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
 
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن. 
 
لە تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا سوپای سووریای ئازاد (ئۆسۆ) هاوکاریی سوپای تورکیای کرد و شەڕی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی هاوپەیمانان و هەسەدە

'ئەو سەرکردە داعشەی ئەمریکا کوشتی لە عەفرین بووە'؛ هەسەدەش دەڵێت، تورکیا پاڵپشتیی تیرۆر دەکات

دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا کوژرانی بەرپرسێکی داعشیان لە سووریا بڵاوکردەوە؛ حکومەتی کاتیی سووریا دەڵێت، ئەو داعش نەبووە، بەڵکو سڤیلێکی نێو کامپێکی عەفرین بووە. گوتەبێژی هەسەدەش دەڵێت، ئەو داعش بووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بووە، "تورکیا پشتگیریی لە تیرۆر دەکات."