شامیل ئەسگەرۆڤ .. ئینسایكلۆپێدیای كوردستانی سوور

01-06-2014
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن شامیل ئەسگەرۆڤ
A+ A-

رووداو- باكۆ

هەر كاتێك باسی كوردستانی سوور بكرێت، دەبێت ناوی شامیل ئەسگەرۆڤیش بهێنرێ، ئەو كوردەی لە تەمەنی 78 ساڵیدا بە حەسرەتی كوردستانەوە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

ئەسگەرۆڤ لەلای كوردی قەفقاسیا ناوێكی زۆر ئاشنا بوو، بەڵام لەدوای مردنی لەنێو كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ناسرا.

شامیل ئەسگەرۆڤ، لە ناوچەی ئاخجاكەندی كەلبەجەری كوردستانی سوور لەدایكبوووە، ئەگەرچی خاوەنی هیچ خەڵاتێكی ئەكادیمی نەبوو، بەڵام بە مانای وشە زانا بوو، نەك تەنیا مامۆستا و ئەكادیمیكار و پرۆفێشناڵ بوو، بەڵكو كەسایەتییەك بوو كە زۆر لە زاناكان پێی سەرسام بوون.

شامیل لە تەمەنی منداڵیدا شوان بووە. بەڵام خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و پیشەیی بە پلەی بەرز تەواوكردبوو. سێ قوتابخانەی باڵای تەواو كردبوون: قوتابخانەی باڵای مامۆستایانی ئازەربایجان، قوتابخانەی باڵای حیزبی لە شاری باكۆ و زانكۆی پەروەردە و فێركردنی ئازەربایجان.

شامیل ئەسگەرۆڤ بێجگە لە كاری نووسین بۆ رۆژنامە، سەرۆكایەتی رێكخراوی لاوانیشی كردووە. هەروەها بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەڕێوەبەری پەروەردەی شار، سەرۆكی موزەخانەی مێژوویی و والیی شارەكە. لەسەردەمی سەرۆكایەتیەكەیدا رێكخراوی لاوانی كەلبەجەر لەسەر ئاستی هەموو سۆڤیەت دەبێتە یەكەمی بەشی "پێشبڕكێی سۆسیالیستی". ئەسگەرۆڤ خاوەنی پەرتووكخانەیەكی زۆر گەورەبوو. بەپێی قسەكانی هەژاری كوڕی كە رۆژنامەنووس و نووسەرە، باوكی 30 هەزار پەرتووكی هەبوو كە 5 هەزاریان لەسەر كورد بووە و ژمارەیەكی زۆریشیان بە زمانی كوردی بوون.

كەلبەجەر بۆ شامیل ئەسگەرۆڤ هەموو دونیا بوو. سێ هەزار گوڵی چیاكانی كەلبەجەری لەسەر شووشەیەك نەخشاندبوو كە ناوەكانیانی بە هەردوو زمانی كوردی و رووسی نووسیبوون. ئەسگەرۆڤ شوێنی سەدان كانیی ناوچەی كەلبەجەری دەزانی و وێنەكانیانی لە ئەرشیڤی خۆیدا پاراستبوو. ئەرشیڤێكی زۆر گەورەی هەبوو كە تەواوی ئەرشیڤی رۆژنامەی "ریا تازە"ی لەخۆگرتبوو.

ئەسگەرۆڤ ناوی بە "ئینسایكلۆپێدیا" رۆیشتبوو. پسپۆڕی بواری بیركاری و نامەی لەسەر فەلسەفە نووسیبوو. ناو و مێژووی لەدایكبوونی زۆربەی زانا، شاعیر و نووسەرانی كوردی دەزانی. هەر لە بابا تاهیرەوە بگرە تاوەكو هەژار. هەموویانی یەك بە یەك دەزانی. پرۆفیسۆر كنیازێ ئیبراهیم هەمیشە دەیگوت "هەر كاتێك لە ئەدەبیاتی ئازەریدا باسی كورد بكرایە‌، مامۆستا شامیل دەیگوت لە فڵان رووپەلی فڵان پەرتووكی ریزبەندی ئەوەندە لە پەرتووكخانەكەدا باسی ئەم بابەتە كراوە".

شامیل ئەسگەرۆڤ پتر لە 40 پەرتووكی بە زمانەكانی كوردی و ئازەری نووسیوە لەسەر وێژە، ئەنتۆگرافیا، هونەرە جوانەكان و مێژوو. نامەی دكتۆرای لەسەر كارەكانی جگەرخوێن نووسیوە. هەروەها مەموزینی ئەحمەدی خانیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئازەری. زۆربەی هۆنراوەی شاعیرانی كوردی لەبەر بوو و وەریدەگێڕانە سەر زمانی ئازەری. هەروەها هۆنراوەی ژمارەیەكی زۆر شاعیری ئازەریشی وەرگێڕابووە سەر زمانی كوردی و بڵاوی كردبوونەوە.

ئەسگەرۆڤ فەرهەنگی ئازەری- كوردی، كوردی- ئازەری نووسیوە، بەو هۆیەوە یەكەم فەرهەنگی كوردی- ئازەری بۆ پەرتووكخانەی كوردی زیاد كردووە. تەواوی ژیانی بۆ كێشەی كوردستان تەرخانكردبوو. ساڵی 1978 دەستبەسەر دەكرێت و بۆ ماوەی 4 ساڵ زیندانی دەكرێت. لەوێ داستانی "لال كیز/ كچی لاڵ" دەنووسێت كە باسی مێژووی خەباتی گەلی كورد دەكات.

كامیز جەبرایلۆڤ، سەرنووسەری رۆژنامەی (Drujba) لە مۆسكۆ/ رووسیا، دوای كۆچكردنی ئەسگەرۆڤ بەناوی "باڤێ چیان" گوتارێك دەنووسێت و دەڵێت "رۆحی ئەسگەرۆڤ شاعیرانە بوو. تەنانەت نەیارانیشی رێزیان لێدەگرت. دڵی پڕبوو لە خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی و چاوی لە پۆست و پلە نەبوو. خۆی بە قەرزاری هەموو كوردێك دەزانی."

ساڵی 1993 كوردستانی سوور كەوتە دەست ئەرمەنەكان. ئەسگەرۆڤ ناچاربوو رووبكاتە باكۆ و تاوەكو مردیش هەر لەوێ وەكو پەنابەر مایەوە. هەژاری شامیل لەسەر ئەو پەنابەرییە دەڵێ "ماوەی چوار ساڵ لە زینداندا مایەوە و ورەی هەر بەرزبوو. بەڵام بەڕاستی دوای ئەوەی كە كەلبەجەر دەكەوێتە دەستی ئەرمەنەكان و باوكم دەبێتە پەنابەر، لە ماوەی یەك ساڵدا 10 ساڵ لە تەمەنی رۆیشت."


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە