رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژرانی خەلیفەکەی داعش لە جندرێس پشڕاستدەکاتەوە، کە شەوی رابردوو ئەردۆغان کوژرانیی راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە توویتێکدا نووسی، ئەبو حوسێن قورەشی، خەلیفەی داعش لە بنکەیەکی سەربازی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئەحرار شەرقییە، لە شاری جندرێسی عەفرین کوژراوە.
فەرهاد شامی باس لەوەش دەکات، "هیچ شتێکی نوێ لەبارەی ئەم رووداوەوە نییە، جگە لەوەی کە کۆتایی بە ئەندامێکی داعش هاتووە کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە لە هەرێمی داگیرکراوی عەفرین پارێزراوە".
لە سەرەتای ساڵی 2018ـدا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و دوای دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان کۆنترۆڵیان کرد.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "سەرکردەی گومانلێکراوی داعش بە ناوی ئەبو حوسێن قورەشی لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە رۆژی شەممە 29ـی نیسان لە لایەن دەزگای میتەوە لە سووریا ئەنجامدرا، کوژرا".
رۆژی 30ـی نۆڤەمبەری رابردوو، داعش کوژرانی خەلیفەی پێشووی بە ناوی ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی راگەیاند و سوپای سووریاش گوتی، لەلایەن هێزەکانی سوپاوە کوژراوە. دوای ئەوە ئەبو حوسێن قورەشی جێگەی ئەبو حەسەنی گرتەوە و بووە خەلیفەی داعش.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو رۆژەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدرا، دەزگای میتی تورکیا و پۆلیسی نێوخۆیی، شاری جندرێسیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کورستان گەمارۆداوە.
دانیشتووانی شارەکەی رۆژئاوای کوردستان بە فرانس پرێسیان گوتووە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر کێڵگەیەک بووە "کە لەلایەن قوتابخانەیەکی ئیسلامییەوە بەکاردەهێندرا".
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای داعش لە سووریا کوژراون.
لە سەرەتای مانگی نیساندا، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامدا و گوتی، خالید ئەیاد ئەحمەد جبووری، سەرکردەی باڵای داعشی کوشتووە "کە بەرپرس بووە لە پلاندانان بۆ هێرشەکانی داعش لە ئەوروپا و پێشڤەبردنی پێکهاتەی سەرکردایەتیی رێکخراوەکە".
دواتر لە نێوەڕاستی مانگی نیساندا، سوپای ئەمریکا کوژرانی عەبدولهادی مەحموود حاجی عەلی، بەرپرسێکی دیکەی باڵای داعشی راگەیاند، کە وەکو خۆی دەڵێت پیلانی بۆ ئەنجامدانی هێرش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا دانابوو.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ