حەوت بەرپرسی سوپای پاسداران لە هێرشە ئاسمانییەکەی سەر دیمەشق کوژراون

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بۆردوومان کرا و حەوت بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران کە دوویان فەرماندەی باڵان.
 
 بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، باڵەخانەکە بە تەواوی خاپوور بووە.
 
 ئەمڕۆ دووشەممە، 1-4-2024، لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی سووریا، دوو بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران بەناوی محەمەدڕەزا زاهیدی و محەمەدهادی حاجی رەحیمی و 5 ئەفسەری راوێژکاری کوژران.
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێكیدا کوژرانی حەوت فەرماندەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە فڕۆکە ئەنجامدراوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ئێران وێڕای پاراستنی مافی خۆی بە گرتنەبەری رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە؛ بڕیار لەسەر جۆری کاردانەوە و سزادانی دەستدرێژیکار دەدات".
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریاش لەسەر زاری فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوە کە سەردانی باڵیۆزخانەی ئێرانی کردبوو گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردە تاوانکارییە دەکەین کە رژێمی زایۆنیستی کردوویەتی و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتی بێتاوان، کە بەو شەقامەدا تێپەڕ دەبوون؛ لەگەڵ براکانمان لە باڵیۆزخانەی ئێران دەوەستین و جەخت لەوە دەکەینەوە سووریا و کۆماریی ئیسلامیی دوژمنەکانیان لەبیرناکەن".
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، بۆردوومانەکە جگە لەوەی باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی ئێرانی خاپوور کردووە؛ زیانێکی زۆریشی بە باڵەخانەکانی دەوروبەری گەیاندووە.
 
ئاماژەشی بەوە کردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا رووبەڕووی هێرشەکە بووەتەوە و چەندین مووشەکیان تێکشکاندووە.