رووسیا: سوپای ئەمریکا لە حەسەکە کاری هەراسانکەرانە دەکات

01-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن رووسیا سووریا ئەمریکا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا دەڵێت، سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان کاری هەراسانکارانە دەکات و لە شوێنە قەدەخەکراوەکاندا جموجۆڵ دەکات.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا ئێوارەی هەیینی، 31ـی ئاداری 2023 لەسەر زاری بەرپرسێکی سەربازی رایگەیاند، چەند کارێکی "هەراسانکارانە"ـیان لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەدیکردووە، کە هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا تێیدا جێگیرکراون. 
 
ئۆلێگ گورینۆڤ، سەرۆکی ناوەندی رووسیا بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنە دژبەرەکان لە سووریا دەڵێت "کاری هەراسانکەرانە لەلایەن یەکەکانی هێزی چەکداری ئەمریکاوە لە پارێزگای حەسەکە بەدیکراوە." دەشڵێت لە وەڵامی ئەوەدا، رووسیا "ناڕەزایەتیی گەیاندووەتە هێزەکانی هاوپەیمانان" کە هەر ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات. 
 
گورینۆڤ، بەبێ ئاماژەدان بە کات و شوێن، دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا دوو جار لە چەند شوێنێکی بەدەر لەو ناوچانە بینراون، کە هەردوولا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەسەری رێککەوتوون. 
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی رووسیا باس لەوە دەکات: "لە کاتی ئەرکی چاودێریی رووسیا - تورکیا، جوڵەی دوو گەڕانی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانیی بەناو دژە تیرۆرەوە لە رێگەکانی دەیرونا ئاغا و سارامساک بەدیکراون کە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ناکرێت. لە بەرامبەر ئەوەشدا، لایەنی رووسی ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندووە هاوپەیمانان". 
 
رووسیا کە لەگەڵ تورکیا گەڕانی سەربازیی هاوبەش لە باکووری سووریا دەکەن، رێککەوتوون لەسەر چەند ناوچەیەکی تایبەت کە نە سوپای سووریا و نە هێزەکانی هاوپەیمانان کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەردا نییە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بتوانێت لە دژی داعش چالاکی تێدا بکات.
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی هەشت ساڵە لە سووریا ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش دەکات و رووسیاش لەدوای شەڕی نێوخۆی سووریاوە، پاڵپشتی لە حکومەتی بەشار ئەسەد دەکات. لەو کاتەشەوە، رووسیا بنکەی سەربازی و ئاسمانیی هەمیشەیی لە سووریا زیادکردووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە