رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی لە حکومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند، دۆخی تەندروستی لە ناوچەکانی وەکو حەسەکە و رەققە "زۆر خراپ نییە"، هەروەها ئاشکرای کرد، سێ ئۆتۆمبێل پێکوتە (ڤاکسین) و کەرەستە سەرەکییەکانی دیکەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناردووە.
چوارشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2025، ماهر شەرع، وەزیری تەندروستی لە حکومەتی کاتیی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی، "یارمەتییەکان دەگەنە ئەوێ، هەموو رێگە گونجاوەکانیش ئاسان دەکەین. بۆ نموونە، لە دوو رۆژی رابردوودا سێ ئۆتۆمبێلمان ناردووە کە پێکووتە و کەرەستە سەرەکییەکانی دیکەی تێدا بووە، کە لە چوارچێوەی یەکێک لە پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکاندا دابین کرابوون".
وەزیری تەندروستی لە حکومەتی کاتیی سووریا ئاماژەی بەوە دا ئەوان جیاوازی لەنێوان ناوچەکان دا ناکەن و گوتی، "وەزارەت هیچ ئاستەنگێکی نەبینیوە لە گەیاندن یان وەرگرتنی ئەم یارمەتییانەدا، هەرچی پێویستە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەمان دابین دەکرێت، چ لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بن یان هێزی دیکە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی تۆڕی میدیایی رووداو، ماهیر شەرع گوتی وەزارەت کار لەسەر "کۆکردنەوە و رێکخستنی" ئەو پێشنیازانە دەکات کە بە دەستی دەگات، ئەویش لە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەگوترێت "بانکی پێداویستی"، کە ئامانجی "دیاریکردنی لەپێشینەکان و هەماهەنگکردنی هەوڵەکانە بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی تەندروستی."
وەزیری تەندروستیی لە حکومەتی کاتیی سووریا باسی دۆخی نەخۆشخانەکانی سووریای کرد و گوتی هیچ نەخۆشخانە یان سەنتەرێکی تەندروستیی گەورە نەماوەتەوە." گوتیشی "بەخێرایی هەنگاو دەنێین و پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆناخی فریاکەوتن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی کۆتایی دێت."
بەگوتەی وەزیری تەندروستی، زیاتر لە 50٪ـی پێداویستی نەخۆشخانەکان لەکارکەوتوون و، گوتی "ژمارەیەک نەخۆشخانەی 200 قەرەوێڵەیی هەن، بەڵام تەنیا 70 یان 80 قەرەوێڵەیان بەردەستن."
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان کە 20 ملیۆن کەسە، دەبێت 2000 قەرەوێڵەی نەخۆشمان هەبێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 950 قەرەوێڵە بە تەواوی کاردەکەن."
سەبارەت بە پسپۆڕی پزیشکیش، وەزیری تەندروستی گوتی، ستافی پزیشکی کەم نییە، بەڵام هێشتا بەس نییە. کەمیی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە هەیە، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر پسپۆڕی نەخۆشیی هەناوی هەن.
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، وەزارەتەکەی نزیکەی 82 هەزار و 700 کارمەندی هەیە، لە کاتێکدا بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، نابێت ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی لە 29 هەزار کەس زیاتر بێت.
وەزیری تەندروستی گوتی "چارەسەری ئەو کێشەیە لە قۆناخی کۆتایی دایە، دەیان هەزار کارمەند، هەزاران پاسەوان و خزمەتگوزار هەن، کە پیشەی پزیشکی و تەندروستییان نییە. ئەمانە بەشێکن لە میراتی رژێمی پێشوو کە مووچەیان وەردەگرت بەبێ ئەوەی کارێکی دیاریکراویان هەبێت." گوتیشی "ئەو کەسانە مووچەی سێ مانگیان دەدرێتێ، دواتر وەزارەتی کار لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا کاریان بۆ دەدۆزێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ