رووداو دیجیتاڵ
قەیرانی ئابووری سوورییەکانی ناچارکردووە بۆ خۆ گەرمکردنەوە پەنا بۆ چاککردنەوەی ئامێرە کۆنەکانیان ببەن و بازاڕەکانی چاککردنەوەی ئەو ئامێرانە جمەیان دێت.
ئیبراهیم زەکوور وەستای چاککردنەوەی ئامێرە گەرمکارەوەکان لە شاری ئیدلیبی سووریا لەوبارەوە دەڵێت، "نرخی ئامێرێکی گەرمکەرەوە لە بازاڕدا نزیکەی 80 دۆلارە، بەڵام بە 10 دۆلار ئێمە دەتوانین ئامێرێکی کۆن، وەکو ئامێرێکی نوێ لێبکەینەوە. رووخسارەکەی پۆڵیش دەکەین و بورخووی نوێ دادەنێین و هەندێک لەکەلوپەلەکانیشی دەگۆڕین."
بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی جەنگە 12 ساڵییەکەی ئەو وڵاتە، لەسەدا 90 سوورییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەش وایکردووە زۆربەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە توانای کڕینی ئامێری تازەیان نەبێت.
ئیبراهیم سەعد هاووڵاتییەکی سوورییە لەبارەی دۆخیانەوە گوتی، "بەهۆی هەژارییەوە، خەڵک رووی لە بەکارهێنانەوەی ئامێری گەرمکەرەوەی کۆن کردووە. ئەگەر پارەیەکی ئەوتۆیان لەبەردەست بێت، ئەوا ناچار نابن ئامێرێکی کۆن بەکاربهێننەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاککردنەوەی ئەو ئامێرانە سوودی بۆ دووکانی چاککردنەوەی ئامێرەکان هەیە، بەبێ ئەو کارە، ئەوانیش ناچار دەبن واز لەو کارە بهێنن."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، بەهۆی قەیرانە مرۆییەکان و بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەم ساڵ، لانیکەم 15 ملیۆن سووریایی بەدەست قەیرانی خۆراکەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ