رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانى دادپزیشکى، پشکنینى زیاتر بۆ ئەو رووفاتەى ئەنفالکراوان دەکەن، کە لە گۆڕێکى بەکۆمەڵى ناوچەى تەل شێخى سەماوە دۆزرانەوە، بەگوتەى، سەرۆکى دەستەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق، دەرکەوتووە ژنەکان لە نزیکەوە بە گوللە کوژراون و ئەگەر هەیە منداڵەکانیان بەزیندوویی ژێرگڵ کرابن.
ئەو گۆڕە 150 ژن و منداڵى ئەنفالکراوى کوردی تێدایە، کە بە جلوبەرگى کوردییەوە لە بیابانێکی پارێزگاى موسەننا ژێرگڵ کراو، 22ـی ئەم مانگە، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکە کرا.
زیا کەریم، سەرۆکى دەستەى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى عێراق گوتى "لە رێگەى ئەوەى لە شوێنى تاوانەکە دا بەدیکراوە، ئەوە روون بووەتەوە لە هەمان شوێن کوژراون، لە نزیکەوە تەقە لەسەریان کراوە، بەڵام گەرەنتى و بەڵگەیەک نییە کە منداڵەکان بەتایبەت ئەوانەى تەمەنیان زۆر کەم بووە بە گوللە کوژرابن، بۆیە ئەگەر هەیە ئەو منداڵانە بەزیندوویی خرابنە چاڵەکەوە."
ئەو ناوچەیە، سێ گۆڕى بەکۆمەڵى ئەنفالکراوانى تێدایە. یەکەم گۆڕ لە 2019 هەڵدرایەوە کە 172 رووفاتى تێدا بوو.
ئەحمەد قوسەى، سەرۆکى تیمى پشکنینى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق گوتى "یەکێک لەو بەربەستانەى هاتووەتە رێگەمان لەم گۆڕە بەکۆمەڵە، نزیکیی رووفاتەکان لە یەکدی و تێکەڵبوونیانە؛ دایکى تێدایە کە ئەو کاتە باوەشى بە منداڵە ساوا یەک بۆ دوو ساڵەکەیدا کردووە."
ئەو ناوچەیە جێگەى گۆڕى بەکۆمەڵى دیکەشە، بەم دواییە سێیەم گۆڕى بەکۆمەڵى ئەنفالکراوانی تێدا دۆزرایەوە، گۆڕەکان هاوقەبارەن، 16 مەتر درێژ، دوو مەتر پان و مەترونیوێک قووڵن.
زورغام کامیل، کارمەندى دەستەى دەرهێنانى تەرمەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەڵێ "پێشتر لەم ناوچەیە کە نزیکە لە نوگرە سەلمان، کارمان لەسەر هەڵدانەوەى چەندین گۆڕ کرد کە گۆڕى تاکەکەسى بوون و بەکۆمەڵ نەبوون، بەڵام لەم چەند رۆژەدا گۆڕێکى بەکۆمەڵى دیکەمان دۆزیەوە."
پێشبینی دەکرێت رووفاتەکانى نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەى هەڵدراوەتەوە، خەڵکى گوندەکانى سنوورى گەرمیان و چەمچەماڵ بن، پشکنینی ترشی ناوەکی (DNA)ـی رووفاتەکان لە داد پزیشکیی بەغدا، ناسنامەیان یەکلایی دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ