رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو مانگ لە راگیرانی، کاروانێکى دیکەى عێراقییەکانى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلى رۆژاڤاى کوردستان دەگەڕێنرێنەوە.
31ى کانوونى یەکەمى 2024 عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارە ئەو کاروانە نوێیەى کەسوکارى چەکدارانى داعش سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى 2025 لە کەمپى هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە.
دوایین کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش کە گەڕێندرانەوە لە 9ى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بووە.
عەلى جەهانگیر گوتى: "ئەوە دەبێتە کاروانى ژمارە 18 کە تاوەکو ئێستا لە کەمپەکەوە بگەڕێنرێنەوە، ژمارەى خێزانەکانى ئەو کاروانە نوێیە لە نێوان 170 بۆ 180 خێزانن".
یەکەم جارە دواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا لە 8ى کانوونى یەکەمى 2024، ئەو خێزانە عێراقیانە لە کەمپى هۆل بگەڕێنرێنەوە.
کەمپەکە لە شارى حەسەکەى رۆژاواى کوردستانە و لە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)یە.
چارەنووسى ئەو کەمپە و ئەو خێزانانەى تێیدان بۆ حکومەتى عێراقى جێگەى دوودڵییە، بەوپێیەى یەکلانەکردنەوەى چارەنووسى کەمپەکە و دانەخستنى بە مەترسی دەزانێت.
لەکۆى نزیکەى 50 هەزار کەس لە کەسوکارى چەکدارانى داعش کە لەو کەمپەن، نزیکەى 20 هەزاریان عێراقین.
دواى گەڕاندنەوەیان ئەو کەسوکارانەى چەکدارانى داعش دەبرێنە کەمپى جەدعە لە شارى موسڵ بۆ ئەوەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت، بەرلەوەى بگەڕێنرێنەوە زێدى پێشووى خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ