مالیکی: تورکیا ئیدارەی سووریا دەدات

31-12-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، تورکیا ئیدارەی ئێستای سووریا دەدات. دەشڵێت، عێراق لە جۆلانی و دەستەی تەحریر شام ناترسێت.
 
دووشەممە (30-12-2024) نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، دوای کەوتنی سووریا، ئیسرائیل پێشڕەویی کردووە، هەموو ژێرخانی سەربازی و ناسەربازیی سووریای خاپوور کردووە و چەند دەیەیەک گەڕاندوویانەتەوە دواوەوە.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی، بەم پێشهاتەنەی سووریا، لوبنان گەمارۆ دەدرێت، دۆزی فەلەستنی لاوازتر دەبێت. هەڕەشە لە ئوردن دەکرێت و کاریگەریی زۆریشی بۆ سەر عێراق دەبێت. 
 
نووری مالیکی پێیوایە "مەترسیی گەورە ئەوەیە کە پێشتر هۆشداریم دابوو؛ تورکیا لە سووریا پێشڕەوی دەکات." 
 
مالیکی دەڵێت "ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە؛ راستییەکەی ئیدارەیەکی تورکییە، نەوەک ئیدارەی جۆلانی و دەستەی تەحریر شام، بەڵکو ئیدارەیەکی تورکیا نیمچە راستەوخۆ یاخود راگەیێندراوە." 
 
بەگوتەی مالیکی "ناوچەکە ئێستا لەنێو دەستی عفریتە، هەموومان دەترسن، تەنانەت بای ترس و مەترسی گەیشتووەتە میسر، ئیمارات و سعودیە، هەموو ئەمانە پێشتر پێشبینیم کردبوون."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەگەر گەل بەشار ئەسەدی نەویستووە، کێشە نییە، با پشتیوانیی بکرایە بۆ گۆڕینی بەشار ئەسەد، نەوەک کارەکە بە چەک بێت.
 
نووری مالیکی، باسی محەممەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)ـی کرد و گوتی "پێیوایە عێراق لە دەستەی تەحریر شام و جۆلانی و فڵانە کەس دەترسێت، نەخێر وا نییە، عێراق وڵاتێکە سەقامگیریی سیاسیی هەیە، دیموکراسی و میکانزمی ئاڵوڕگۆکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتی هەیە. عێراق چەک و ئەزموونی لەگەڵ تیرۆر هەیە، ئەوکات ناویان لە خۆیان نابوو دەستەی زانایانی شام. عێراق هێزی سیاسی و سوپایەکی بەهێزی هەیە و ناترسێت، لەکاتێکدا سووریا سوپای نەماوە تاوەکو جوڵە بکات."  
 
سەبارەت  بە حیزبی بەعسیش، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کە پێشتر واژۆی لە سێدارەدانی سەدام حوسێنی کردووە، گوتی "لە حیزبی بەعس ناترسین و کۆتایی هاتووە، ئەو قسەیەم بە دەق بە بەشار ئەسەد گوت. حیزبی بەعس بووەتە رابردوو، دژی حیزبی بەعسین، تەنانەت لەسەر مەریخیش بێت". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی دادی عێراق

وەزارەتی دادی عێراق: هیچ بڕیارێک نییە بۆ پەسندنەکردنی بریکارنامەکانی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنیت، فەرمانگەکانی دادنووسی هەرێمی کوردستان سەربەخۆن و گرێدراو نین بە وەزارەتی دادی فیدراڵییەوە. هاوکات رەتیدەکاتەوە، بریکارنامەکانی هەرێمی کوردستان پەسند نەکەن