عێراق
وێنەیەکی ئەرشیڤیی کاتی راهێنانی هێزێکی ئەمریکا لە عێراق لە 30-10-2024، وێنە: Tyler Becker/U.S. Army
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانیی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، سەربازێکی ئەمریکی لە عێراق گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەن.
ئەو سەربازە ئەمریکییە ناوی ئێریک ریچارد هارت بووە، تەمەنی 34 ساڵ بووە، خەڵکی ئیندیاناپۆلیسی ویلایەتی ئیندیانا بووە. هارت سەر بە یەکەی سەرەکی و بنکەی یەکەی 38ـی پیادەی پاسەوانیی ئیندیانا بوو لە عێراق.
رۆژی دووشەممە (30-12-2024) پاسەوانیی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، هارت لە رووداوێکدا کە پەیوەندیی بە جەنگەوە نەبووە، گیانی لەدەستداوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی بەردەوامە.
لەکاتێکدا شەڕی دژی داعش کۆتایی هاتووە، ئەمریکا 2،500 سەربازی لە عێراق هەیە بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق لە چالاکییەکانی دژی داعش و راهێنان.
لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چەندین جار بە مووشەک و درۆن لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
لە مانگی ئەیلوول، ئەمریکا رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد، بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیێتی دژی داعش لە عێراق تاوەکو ساڵی 2025.
هەرچەندە لە ساڵی 2011 هەموو هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا کشانەوە، بەڵام هەزاران سەرباز لە ساڵی 2014 گەڕانەوە بۆ یارمەتیدانی حکومەتی عێراق لە شکستپێهێنان بە داعش.
بەگوێرەی دوایین داتای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ئێستا 4،419 سەربازی ئەمریکی لە عێراق گیانیان لەدەستداوە. لەوانە 3،482 لە شەڕدا کوژراون و 937ـیان لە دەرەوەی شەڕ، هەروەها 31،993 سەرباز لە عێراق بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ