وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەم ساڵ زیاتر لە 2000 پۆلیس و ئەفسەرمان بەهۆی سەرپێچی و گەندەڵییەوە دەرکردووە

31-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا 15 هەزار تاوانی رێکخراو و سێ ملیۆن و 500 هەزار سەرپێچیی تۆمارکراون، دەشڵێت" دوو هەزار و 129 ئەفسەر و پۆلیسیان بەهۆی سەرپێچی و گەندەڵیی داراییەوە لە ریزەکانیان دەرکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئامارەکانی ساڵی 2023ـی ئاشکرا کرد و  رایگەیاند، "لە ساڵی 2023ـدا 15 هەزار تاوانی رێکخراو تۆمارکراون، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو نزیکەی 50% کەمیکردووە. هەر بەپێی ئامارەکان هێرش و تاوانە تیرۆریستییەکانیش  56% کەمیان کردووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکراشیکرد، کە 9 هەزار تۆمەتبار بەپێی یاسا و مادە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و سزادراون.
 
هەرچی پەیوەستە بە دۆسیەی مادەی هۆشبەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "ئەم ساڵ دەیان بازرگانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 140 بازرگانی نێودەوڵەتی هەن." گوتیشی، وەزارەتەکەیان 16 سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەری هەیە.
 
عەمید میقداد میری ئاشکرای کرد، "لە ساڵی 2023ـدا وەزارەتی ناوخۆ 2 هەزار و 129 ئەفسەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی بەهۆی سەرپێچی و گەندەڵیی داراییەوە لە ریزەکانی دەرکردووە."
 
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە رەگەزنامە و فەرمانگەکانی دیکە، عەمید میقداد میری روونیکردەوە، "بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە لە ماوەی ساڵی 2023ـدا 44 ملیۆن خزمەتگوزاریی پێشکێشی هاووڵاتیان کردووە."
 
لەبارەی سەرپێچییەکانی تایبەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، باسی لەوەکردووە لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 500 هەزار سەرپێچیی هاتووچۆ تۆمارکراون، بەو پێیە رۆژانە دەکاتە 9 هەزار و 589 سەرپێچی، واتە هەر کاژێرێک 399 سەرپێچیی هاتووچۆ کراون و هەر خولەکێک حەوت سەرپێچی روودەدات، ئەو ئامارانە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگای بەغدا لە سوپاوە بۆ پۆلیسی فیدراڵی، رایگەیاند، "دۆسیەی ئەمنیی بەغدا کۆتایی ساڵی 2024 یان سەرەتای ساڵی 2025 دەدرێتە دەستی وەزارەتی ناوخۆ."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت