عەسائیبی ئەهلی حەق: دەستخۆشی لە گورزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق پشتگیریی خۆی بۆ ئەو گرووپانەی بە "مقاوەمە" دەیانناسێنێت لە هێرشەکانیان بۆ سەر "بنکەکانی ئەمریکا" نیشاندا و دەڵێت ئەو گرووپانە هۆکار بوون بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، راگەیێندراوێکی لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ساڵی 2011 عێراقییەکان سەرکەوتنێکی مەزنیان بەسەر هێزەکانی داگیرکەر بەدەستهێنا کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بوو وڵاتە بریندارەکەیان تێکداین، پاڵەوانێتییەکان و قوربانیدانی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی کە بەچەکەکەی دژی داگیرکار وەستایەوە و بە بڕیاری عێراق ناچاری کرد، وایکرد بەتەواوەتی بکشێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بنکەیەکی سەربازییان بمێنێت و یەک سەربازیشیان پارێزبەندیی هەبێت و لە لێپرسینەوە پارێزراو بێت."
 
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "بەهۆی کەمکردنەوەی گرنگیی ئەو رۆژە و بێدەنگیی میدیایی و ناکۆکییە سیاسییە تووندەکانی ئەو کات و رەتکردنەوەی هەندێک لایەنی پیلانگێڕ لە دژی دەرچوونی هێزەکانی داگیرکەر وایکرد ئەو رۆژە گرنگی و بایەخی خۆی پێنەدرێت."
 
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، رۆژی 31ـی کانوونی یەکەم (رۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق) بە رۆژی سەروەریی عێراق ناودەبات بەڵێن دەدات پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بکەن و ئەمریکا ناچار بە دەرچوون بکەن.
 
لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئاماژە بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "دەستخۆشی لە گورزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی دەکەین، کە بنکەکانی داگیرکار دەکاتە ئامانج و داوا لە رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین یەکدەنگ و یەکڕیزبن بۆ داواکردنی گەڕانەوەی تەواوی سەرەوەریی عێراق."
 
داواش دەکات حکومەتی عێراق لەرێگەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و کورتخایەن "سەرەوری" بۆ عێراق و عێراقییەکان بگەڕێنێتەوە.
 
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیانکراوەتە سەر، کە لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەکانەوە دەکرێتە سەریان.
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا، دوو رێککەوتنیان واژۆکرد. یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" بوو. رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی  فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیشی بۆ دیاری نەکراوە.