رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق پشتگیریی خۆی بۆ ئەو گرووپانەی بە "مقاوەمە" دەیانناسێنێت لە هێرشەکانیان بۆ سەر "بنکەکانی ئەمریکا" نیشاندا و دەڵێت ئەو گرووپانە هۆکار بوون بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011.
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، راگەیێندراوێکی لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ساڵی 2011 عێراقییەکان سەرکەوتنێکی مەزنیان بەسەر هێزەکانی داگیرکەر بەدەستهێنا کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بوو وڵاتە بریندارەکەیان تێکداین، پاڵەوانێتییەکان و قوربانیدانی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی کە بەچەکەکەی دژی داگیرکار وەستایەوە و بە بڕیاری عێراق ناچاری کرد، وایکرد بەتەواوەتی بکشێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بنکەیەکی سەربازییان بمێنێت و یەک سەربازیشیان پارێزبەندیی هەبێت و لە لێپرسینەوە پارێزراو بێت."
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "بەهۆی کەمکردنەوەی گرنگیی ئەو رۆژە و بێدەنگیی میدیایی و ناکۆکییە سیاسییە تووندەکانی ئەو کات و رەتکردنەوەی هەندێک لایەنی پیلانگێڕ لە دژی دەرچوونی هێزەکانی داگیرکەر وایکرد ئەو رۆژە گرنگی و بایەخی خۆی پێنەدرێت."
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، رۆژی 31ـی کانوونی یەکەم (رۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق) بە رۆژی سەروەریی عێراق ناودەبات بەڵێن دەدات پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بکەن و ئەمریکا ناچار بە دەرچوون بکەن.
لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئاماژە بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "دەستخۆشی لە گورزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی دەکەین، کە بنکەکانی داگیرکار دەکاتە ئامانج و داوا لە رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین یەکدەنگ و یەکڕیزبن بۆ داواکردنی گەڕانەوەی تەواوی سەرەوەریی عێراق."
داواش دەکات حکومەتی عێراق لەرێگەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و کورتخایەن "سەرەوری" بۆ عێراق و عێراقییەکان بگەڕێنێتەوە.
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیانکراوەتە سەر، کە لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەکانەوە دەکرێتە سەریان.
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا، دوو رێککەوتنیان واژۆکرد. یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" بوو. رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیشی بۆ دیاری نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ