چاوەڕێدەکرێت پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2021 هەمواربکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی مستەفا کازمی بەڵێنیدا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران نەبات، بەڵام کاتێک پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتە پەرلەمان، دەرکەوت بەناوی "باج"ەوە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت، کە حکومەت وەکو هەنگاوێک بۆ چاکسازی ناویەتی.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە رایگەیاندبوو "ئەو بودجەیە بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ مووچە نابات، ئەوەی دەستی بۆ دەبرێت تەنیا مووچەی پلە تایبەت و باڵاکانە، چینی ناوەڕاست بەشدارییەکی سیمبولی دەکات، بەڵام زۆرینەی فەرمانبەران، مووچەکانیان وەکو خۆی دەبێت پشتیوان بە خودا".
 
بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، وێڕای دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی عێراق بەگشتی و بژێویی فەرمانبەران و هەژاران بەتایبەتی، هاوکات بەناوی "باج"ەوە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانیش دەبڕدرێت.
 
باجی سەر مووچەی فەرمانبەران بەمشێوەیە:
مووچەی 500 هەزار دینار یان کەمتر، باجی لێوەرناگیرێت.
مووچەی 750 هەزار دینار، 25 هەزار دینار باجی لێوەردەگیرێت.
مووچەی یەک ملیۆن دینار، 50 هەزار دینار باجی لێوەردەگیرێت.
مووچەی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، 150 هەزار دینار باجی لێوەردەگیرێت.
مووچەی دوو ملیۆن دینار، 300 هەزار دینار باجی لێوەردەگیرێت.
مووچەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار، 450 هەزار دینار باجی لێوەردەگیرێت.
 
هاوپەیمانیی سائیروون، یەکێک لە گەورەترین فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت، بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند. حەمدوڵڵا روکابی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سائیروون رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک لێبڕینی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان رەتدەکەنەوە، رازی نابن هاووڵاتییان هیچ بارقورسییەکی دیکەیان بکەوێتە ئەستۆ، دەکرێت بەشێوەیەکی دیکە دۆخی وڵات چارەسەر بکرێت، لەوانە بڕینی مووچەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵاکان.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەت داوایکردبوو مووچەی خانەنشینیش لێی ببڕدرێت بەڵام پەرلەمان رەتیکردەوە، پەرلەمان دژی کەمکردنەوەی مووچە بووە.
 
قەبارەی بودجەی ساڵی 2021 زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە، نرخی نەوتی خاو بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە، زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.
 
ئێوارەی 21/12/2020، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەکەی پەسندکرد و 29ی مانگ گەیشتە پەرلەمان، وێڕای هەموو ئەو قسانەی کوتلە سیاسییەکان دەیکەن، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، رەزامەندیی کوتلە سیاسییەکانیان وەرگرتووە.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "ئەو بودجەیە خراوەتە بەردەم هەموو کوتلە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، بەڕێزان وەزیرانی دارایی و پلاندانان ئامادەبوون، هەمووان پشتیوانیی هەنگاوەکانی حکومەت و دیدگای حکومەتیان کرد بۆ ئەو بودجە چاکسازییە".
 
لە پرۆژەیاسای بودجەدا 53.8 تریلیۆن دینار بۆ مووچە تەرخانکراوە، وێڕای ئەوەی ئامارێکی ورد نییە، بەڵام بەرپرسانی عێراقی باس لە بوونی نزیکەی شەش ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر دەکەن.