لە بەغدا بازرگانێکی نێودەوڵەتیی بە 100 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆنەوە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیاریی تەواو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتیی بە 100 کیلۆگرام کاپتاگۆنەوە دەستگیر بکرێت.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2024) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، توانیمان بازرگانێکی بیانی بە 100 کیلۆ حەبی کاپتاگۆنەوە دەستگیر بکەین، کە دەیویست لەنێو بەغدا بیانفرۆشێت."
نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "دەستگیرکردنی ئەو بازرگانە دوای ئەوە هات، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان زانیاری تەواوی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری عێراق کرد و بەهۆیەوە توانرا تۆمەتبار دەستگیر بکرێت."
14ـی تەممووزی 2024، عەمید میقداد میری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو "لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، دەست بەسەر تۆنێک و 822 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و، حەوت هەزار و 705 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون."
لەو ژمارەیە هەزار و 435 کەسیان بازرگانی نێوخۆیی و 147ـیشیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، ساڵی 2022 نزیکەی 16 هەزار کەس و لە ساڵی 2023ـشدا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەگوێرەی مادەی 27ـی ژمارە 50ـی ساڵی 2017ـی یاسای سزادانی عێراق، هەر کەسێک تاوانبار بێت بە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو وڵات، بە زیندانیکردنی تاهەتایی یان لە سێدارەدان سزادەدرێت.