سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ لە لەکارلادانی عومەر کروی، ئەمشەو نزار لهێبی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، تورکی عەتەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا بە ئامادەبوونی 11 ئەندامی ئەنجوومەن، کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کرا و تێیدا نزار لهێبی کە لە حیزبی تەقەدووم ئەندامە، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کە لە هاوپەیمانی دیالەی نیشتمانییە، خۆی بەشداری دانیشتنەکە نەبووە و بە نایاسایی دەزانێت. دەڵێت، "بەبێ هۆکار عومەر کروی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەن لادراوە و کۆبوونەوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
تورکی عەتەبی ئاماژەی بەوەش کرد، "واپێویست بوو کە عومەر کروی بانگ بکرێت و گەر هەڵەیەکی کردبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت نەک راستەوخۆ لەکار لابدرێت، ئەوەی کراوە یارییەکی سیاسییە و قۆرخکردنی دەسەڵاتە لەلایەن حیزبی تەقەدوومەوە."
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.
بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر کروی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەن ئەندامی پارتی سیادەیە و نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە لە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە.
رۆژی 29ـی 10، نزار لهێبی، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە پەنجا کۆ یەک دەبێت، بەوەش پێویستی بۆ نۆ ئەندامە.