هادی عامری دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان: سوپاسی برامان کاک مەسعود دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا هەیبووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دوای دوو گەڕی دەنگدان، مەحموود مەشەهدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم، بە پشتیوانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، زۆربەی سوننەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا، کە ماوەی ساڵێک لە دوای لە کارلادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنەکە، بە بەتاڵی مابووەوە.
عامری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد کە بە گوتەی خۆی، "رۆڵێکی گەورەیان بینی" لە یەکلاکردنەوەی پۆستەکە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک بارزانی "پێی گوتم، هەر شتێک بەرژەوەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەی تێدابێت، من دەسەڵاتی تەواوت دەدەمێ،" ئەمەش دوای ئەوەی هەندێ پەرلەمانتار پێیان وابوو شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لەسەر پشکی پارتییە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابێت.
لە بارەی شاخەوان عەبدوڵڵاوە عامری گوتی: "ئەو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی هاندا چالاکانە بەشداربن و د. مەحموود مەشهەدانی هەڵبژێرن. بۆیە لێرەوە سوپاس و پێزانینم بۆیان هەیە."
عامری جەختیکردەوە "هەموو کورد، هەموو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و زۆربەی سوننەکان" لەسەر هەڵبژاردنی مەشهەدانی کۆدەنگ بوون و "بێ هیچ سازشکردنێک لەسەر وەزارەتەکان یان بریکارەکانی وەزارەتەکان" یان "بێ ئەوەی هیچ مەرجێک بۆ مەشهەدانی دابنرێت،" بەربژێرەکە سەرخراوە.
گوتیشی چاوەڕوان دەکەن سەرۆکە نوێیەکە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندی "یاسا گرنگەکان" بکات.