ئەرشەد ساڵحی: هەر سەرژمێرییەک بکرێت دەبێت لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957 بێت

31-10-2024
مالیک محەممەد
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسە دەکات
ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران و شاندێکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی سەرژمێرییە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق کۆبوونەوە. نوێنەری تورکمانەکان کە بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بووە دەڵێت: نابێت ئەم سەرژمێرییە بکرێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ داهاتووی ئیداری و سیاسی شاری کەرکووک، یاخود بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 لە داهاتوودا، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957 بێت.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2024) ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران و شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداربوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کۆبوونەوەکە بە گشتیی لەبارەی سەرژمێریی دانیشتووان بوو، بەڵام ئێمە بۆچوونی جیاوازمان لەسەری هەیە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئێمەش وەکو نوێنەری پێکهاتەکان لە ناوچە تێکەڵاو و کێشە لەسەرەکان دیدگەیەکی جیاوازمان هەیە."
 
ئەرشەد ساڵحی گوتیشی، "ئێمە جەختمان لەوە کردەوە سەرژمێری بەو شێوە خێرایە، پێویستیی هاووڵاتییە عێراقییەکان دابین ناکات، چۆن دەتوانرێت پشت بەو سەرژمێرییە ببەسترێت، دوای ئەوەی ئاوارەبوون و هاتن لەو ناوچە تێکەڵاوانە هەبووە، بەتایبەتی شاری کەرکووک."
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی پێکهاتەی تورکمانەکان، دەکرێت لەماوەی 6 مانگی داهاتوودا کارتی نیشتمانیی هەموو دانیشتووان تەواوبکرێت، تاوەکو کە کارمەندی سەرژمێری دەچێتە ماڵێکەوە، تەماشای کارتە نیشتمانییەکەی بکات و بەراییەکانی خەڵکەکەی دەستبکەوێت، "بەڵام وادیارە هیچ نییەتێک لەلایەن حکومەتەوە نییە بۆ ئەو کارە و مکوڕن لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا و نایانەوێت تیشک بخەنەسەر ئەو را جیاییەش کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمدا هەیە."
 
ئەرشەد ساڵحی دووپاتیکردەوە کە ئەوان وەکو نوێنەری پێکهاتەی تورکمان بۆچوونی خۆیان لە کۆبوونەوەکەدا خستەڕوو و جەختیان لەوە کردووەتەوە، "نابێت ئەم سەرژمێرییە بکرێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ داهاتووی ئیداری و سیاسی شاری کەرکووک، یاخود بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 لە داهاتوودا، هەروەها نابێت پشت بە هیچ جۆرە سەرژمێرییەکی سیاسی ببەسترێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرژمێری ساڵی 1957."
 
کارەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستپێکردووە و بڕیارە تاوەکو یەکی تشرینی دووەم بەردەوام بێت، لە هەرێمی کوردستانیش لە 1-10-2024 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە