دەستەبەری تەندروستی لە عێراق دەستیپێکردووە و یەک ملیۆن کەس تۆمارکراون

31-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆژەی دەستەبەری تەندروستی لە عێراق دەستیپێکردووە و یەک ملیۆن کەس ناویان تۆمارکردووە، بەڵام وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە کاتی کۆنگرەی دووەمی چارەسەری شێرپەنجە لە بەغدا لەبارەی پڕۆژەی دەستەبەری تەندروستی گوتی: "بەردەوامین لە تۆمارکردنی فەرمانبەران. ژمارەی بەشداربووانی تۆمارکراو گەیشتووەتە یەک ملیۆن کەس، نیوەیان ئەوانەن کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە."
 
وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت: "خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی گشتی یاخود کەرتی تایبەت پێشکێش دەکرێن بە نزیکەیی بێ بەرامبەرە. پارەیەکی زۆر رەمزییە. جێبەجێکردنی بەرنامەکە بە دروستی دەستیپێکردووە، خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی پاڵپشتیکراو پێشکەش دەکرێن، لە هەندێکدا پشتیوانییەکان 75٪ بۆ 90٪ـە."
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو پرسیاری لە وەزیر کرد، ئایا دەستبەری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ئێستا تەنیا بەغدا دەگرێتەوە." 
 
هاوکات زیاد خەلەف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک وێڕای جەختکردنەوەی لەسەر گرنگیی ئەو پڕۆژەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا دەستەبەری تەندروستی لە کەرکووک نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. تەنیا لە بەغدا جێبەجێ کراوە."
 
دەستەی دەستەبەری تەندروستی، گرێبەستی لەگەڵ 19 شوێنی تایبەت و راوێژکاری لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان کردووە، لەوانە: خانەی پاراستنی پەرستاری، غازی حەریری، سەعد وتری بۆ زانستەکانی مێشک، ئیبن هەیسەم بۆ چاو، عەلەویی فێرکاریی لە دایکبوون و منداڵان، کندی فێرکاریی، هەردوو ئیمام کازم، ئین سینا، سەنتەری نیشتمانی بۆ پزیشکی ددان.
 
هەروەها گرێبەست لەگەڵ سێ نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت کراون کە بریتین لە نەخۆشخانەکانی مارینا، شەرقئلەوسەت و تاج. قۆناخی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ پزیشکان دەکرێت.
 
وەزیری تەندروستیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتی تەندروستی گرنگیی زۆر بە دەستەبەری تەندروستی دەدات لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت دا، بەوپێیەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی درێژخایەنە.
 
دیارترین خاڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری ژمارە 22ی ساڵی 2020 بریتییە لە دەستکردن بە تۆماری ئەلیکترۆنی و بە ئەلیکترۆنیکردنی رێکارە حکومییەکان بۆ کارئاسانی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیایی دۆسیەی پزیشکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا تیم دروستکراوە بۆ دابەشکردنی دەفتەری دەستەبەریی لەنێو فەرمانگەکانی دەوڵەت و خێزانەکان ئەوەش بەگوێرەی یاسا. 
 
لە بەغدا لە 48 وەزارەت و دامەزراوەی جیا جیای دەستەبەری دەستیپێکردووە. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی خانەنشین و هاووڵاتییانیش دەگرێتەوە.  
 
قۆناخی دووەمی پڕۆژە دەستیپێکردووە بە بانگەوازی گرێبەستکردن لەنێوان دەستەی دەستبەری و سەندیکاکان کە ئەندامەکانیان ئەو خزمەتە دەیانگرێتەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دڵنیایی ئەوانەی هاتوونەتە عێراق و بیانییەکان-یش کە لە عێراق نیشتەجێن.
 
دواتر قۆناخی سێیەمی دەستەبەری تەندروستی دەستپێدەکات لە هەموو دامەزراوە تەندروستییە حکومییەکان دا.
 
پەرلەمانی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020 پڕۆژەیاسای تەندروستی پەسندکرد کە لە 12 بەش و 44 مادە پێکهاتووە. پڕۆژەیاساکە پابەندبوون بە جێبەجێکرانی تێدایە شەش مانگ دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە. لە شوباتی 2021یش سەرۆککۆمار پەسندی کردووە.
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی عێراق، تێچووی نەشتەرگەییەک لە کەرتی تایبەت 5 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەشداریکردن کە دەستەبەری تەندروستی و دەستەی دڵنیایی هاووڵاتیان لە 25٪ تێچووی نەشتەرگەرییە زیاتر نادات. حکومەت لە رێگەی سندوقی دڵنیاییەوە تێچووی 75٪ی دیکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەدات، ئەوەش یەکەم جارە لە عێراق دەکرێت.
 
فەرمانبەر بە بەشداری 1٪ مووچەی مانگانەکەی لەو دەستەبەرە بەشدار دەبێت، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی (خوار تەمەن 18)، هەروەها ئەوانەشی فەرمانبەر نین دوو منداڵیان دەیانگرێتەوە.
 
سەرەتا پڕۆژەکە لە بەغدا دەستیپێکردووە، لە سەرەتای جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا کارمەندانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی گرتووەتەوە.
 
بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ سێ قۆناخ دابەشبووە، قۆناخی پابەندبوون هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بۆ خانەنشینان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناچاری نییە، ئەوەی دەستبەری بۆ دەکرێت کارتێکی پێ دەدرێت، دوای شەش مانگ لە ناوتۆمارکردن، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی پێشکێش دەکرێت.
 
مانگانە کەسی بەشداربوو 10-50 هەزار دەدات ئەوەش بەگوێرەی پلەی وەزیفییە، پارەکەش زیاتر نییە لە 1٪ی کۆی مووچەی فەرمانبەران. 
 
ئەوانەشی لە پێدانی پارەی مانگانە دەبەخشرێن بریتین لەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووانی نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی گورچیلەکانیان لەکارکەوتوە و سستە، کەسانی نیڤشکان، پەککەوتووانی هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، ئەو ژنانەی فەرمانبەر نین و خانشینانی ژن کە تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە