وەزارەتى بازرگانیی عێراق حەوت جۆرە خۆراک بە هەرزان دەفرۆشێت

 

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى بازرگانیی عێراق حەوت جۆرە خۆراک بە هەرزان دەفرۆشێت، کە گۆشتى مریشک و مانگا، هێلکە و دۆشاوى تەماتەى تێدایە و لەهەفتەى داهاتووەوە دەست بە فرۆشتنى دەکرێت. 
 
رۆژی 31ى تشرینى یەکەمى 2023، موسەنا جەبار، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هەفتەى داهاتوو وەزارەتەکەیان هەڵمەتێک دەستپێدەکات بۆ فرۆشتنى چەند جۆرە خۆراکێک بە نرخى کەمتر لە بازاڕ و ئەو فرۆشتنە لە سەرجەم پارێزگاکان لە رێگەى لقەکانى کۆمپانیاى گشتى بازرگانى خۆراک و ئوتۆمبێلى گەڕۆک دەبێت لە سەرجەم ناوچەکاندا.
 
موسەنا جەبار ئاشکرایکرد، جۆرى نرخ و ئەو خۆراکانە بریتى دەبن لە: یەک تەبەق هێلکە بە پێنج هەزار دینار، یەک کیلۆگرام مریشکى بەستوو بە 3500 دینار، 900 گرام گۆشتى مانگا بە چوار هەزار دینار، یەک کیلۆگرام ئاردى سفر بە 750 دینار، قوتویەکى 800 گرامى دۆشاوى تەماتە بە 500 دینار، یەک کیلۆ شەکر بە هەزار دینار، 250 گرام شیر بە هەزار دینار.
 
ئەو بڕیارەى وەزارەتى بازرگانى لەدواى کۆبوونەوەیەکى ئەسیر غەریرى، وەزیرى بازرگانى بوو لە 30ى تشرینى یەکەم  لەگەڵ ئەندامانى ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرپەرشتیارى هەڵمەتەکە. 
 
گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاى گشتى بازرگانیى خۆراک ئەو خۆراکانە بە نرخى کەمتر لە بازاڕ دابین دەکات و دەینێرێت بۆ کۆگاکان.