سەرۆککۆماری عێراق بۆ بەشداری لە کۆمکاری عەرەبی بەرەو جەزائیر بەڕێکەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بەرەو جەزائیر بەڕێکەوت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق، لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی دووشەممە 31ی ئۆکتۆبەری 2022 شاری بەغدادی جێهێشت بە مەبەستی بەشداریکردن لە خوولی 31ی کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بەرەو جەزائیری پایتەختی جەزائیر بەڕێکەوت.
 
لووتکەی ئاسایی کۆمکاری عەرەبی لە رۆژانی 1-2ی مانگی 11 لە شاری جەزائیر بەڕێوەدەچێت. دوایین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە مانگی ئاداری ساڵی 2019 لە تونس بەڕێوەچوو.
 
سەرۆککۆماری عێراق بە هاوڕێیەتیی شاندێکی باڵا گەشتی کردووە بۆ جەزائیر، لەوێ گوتارێک سەبارەت بە کۆی پەیوەندییەکانی عێراق بە وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پلانەکانی داهاتووی حکومەتی نوێ پێشکێش دەکات.
 
13ى تشرینى یەکەمى 2022 لەتیف رەشید لە پەرلەمانى عێراق بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و دواتر سوێندی یاسایی خوارد.