بەرهەم ساڵح خانەنشین بوو

 
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى مەرسومێکى کۆمارى کە لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقەوە دەرکراوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى پێشوو لە 13ى تشرینى یەکەم خانەنشین کراوە.
 
31ى تشرینى یەکەمى 2022، رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى دەقى مەرسومێکى کۆماریی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، لە 13ى تشرینى یەکەمى 2022 بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى پێشوو خانەنشین کراوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو مەرسومە لە رۆژى دەرچوونی و بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى جێبەجێ دەکرێت؛ مەرسومەکە 18ی تشرینى یەکەمى 2022 دەرکراوە و لە 31ى تشرینى یەکەم بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەو مەرسومە کۆمارییە پشتبەستووە بە هەردوو ماددەکانی 73 و 76ى دەستوورى عێراق کە تایبەتە بە وادەى کارکردنى سەرۆککۆمار، کۆتاییهاتنى دەسەڵاتى و دەرکردنى مەرسومى کۆمارى.
 
13ى تشرینى یەکەمى 2022، لەتیف رەشید لەدواى دوو گەڕى هەڵبژاردن لەنێو پەرلەمانى عێراق بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح، بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کودستان بۆ هەمان پۆست.