دەوڵەتی یاسا: دەبێت پێدانی زەوی بە سعودیە بۆ وەبەرهێنان رابگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، دەبێت پێدانی زەویی بیابانی عێراق بە سعودیە بۆ وەبەرهێنان رابگیرێت.
رۆژی شەممە 2020/10/31 هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "داواکارین لە لایەنە فەرمییەکان پرۆژەی پێدانی زەوی لە بیابانی پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و موسەننا لە عێراق بە سعودییە بۆ وەبەرهێنان رابگرن، چونکە ئەوە زێدڕۆوییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری و زیان بە سامانی ستراتیژیی ئاوی ژێرزەویی عێراق دەگەیەنێت."
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو بڕیارە گومان و پرسیاری زۆری لەبارەی ئامانجەکانی دەرکردنیەوە لەم کاتەدا دروست کردووە. لە کاتێکدا ئەو پرۆژە لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوودا چەند جارێک خراوەتەڕوو و بەهۆی بابەتی ستراتیژیی ئاو و ئاسایشەوە رەتکراوەتەوە، جگە لەوەی "لەژێر ناونیشانی وەبەرهێناندا دەرگا بۆ داگیرکارییەکی نوێ دەکاتەوە."
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختیش لەوە دەکاتەوە، "پێویستە مۆڵەتی ئەو پرۆژە رابگیرێت کە 150 هەزار دۆنم زەویی بیابانی عێراق دەداتە سعودییە. لە هەمان کاتدا داوا لە هۆزە رەسەنەکان و هەموو لایەنە نیشتمانییەکان دەکەین ئەو پرۆژە رەتبکەنەوە و رایبگرن."