تازە زاوایەکی 15 ساڵان پانکەیەک بەسەریدا کەوت و گیانی لەدەستدا؛ 'ویستوویەتی بەتانی ببات'

 
رووداو - کەرکووک

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پانکەیەک لە درەنگانی شەودا، تازە زاوایەکی 15 ساڵان لە کەرکووک گیانی لەدەستدا. مامی زاوا دەڵێت، کاتێک گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، برازاکەی ملی بڕابوو و شوێنەکەش پڕبوو لە خوێن.
 
لە دیمەنێکی پاش رووداوەکەدا دەردەکەوێت، خوێنێکی زۆر لە شوێنەکە رژاوە. شایەتحاڵەکان دەڵێن، بەکری تازە زاوا ویستوویەتی بەتانییەک بهێنێتە خوارەوە و ئەوەی بەسەردا هاتووە.
 
بەکر تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بوو، ماوەی 20 رۆژ بوو هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی خزمی خۆیان کردبوو. مامی بەکر دەڵێت، "کاتێک گەیشتمە شوێنی رووداوەکە، ئەم ناوە پڕ بوو لە خوێن و بەکر ملی بڕابوو."
 
فەنەر ساڵح، مامی بەکر باسی لەوە کرد، "گوێم لە هەرا بوو لەم خانووەی خۆمان، رام کرد بۆ ئێرە و هاتمە ژوورەوە، بینیم کوڕەکە کەوتووە ئا لێرە. پرسیم چییە؟ گوتیان، بە پانکە وای لێهات، سەیرم کرد پانکەکە هەمووی خوێنە."
 
کەسوکاری بەکر خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن، لە ساڵی 2014وە ئاوارەبوون و لە کەرکووک نیشتەجێن و نەگەڕاونەتەوە.
 
باوکی بەکر و مامێکی دیکەی و ئامۆزایەکی نزیکەی 9 ساڵە بێسەروشوێنن؛ ئەوان کە ئێستا تووشی ئەم کۆستە بوون، داواکارن لایەنی پەیوەندیدار خەمی دۆزینەوەی کوڕەکانیان بخوات تاوەکو هەواڵێکیان بزانن.
 
سەبیحە ئەحمەد، داپیرەی بەکر دەڵێت، "بەس دەمەوێت کوڕەکانم بگەڕێنەوە، تاوەکو ئەم ناخۆشییە بگۆڕین بە خۆشی، داوا لە حکومەت و پارێزگار دەکەم، داوا لە شێخ و سەرۆک هۆزەکان دەکەم، کوڕەکانم بۆ بگەڕێننەوە."
 
ئەنوەر ساڵح، مامی بەکر ئاماژەی بەوە کرد، "کوڕەکانمان 10 ساڵە بێسەروشوێنن، منداڵەکانیان بچووک بوون، دەزانن ئەم رووداوەی کە روویدا کوڕی یەکێکیان بوو، کە نزیکەی 20 رۆژێک بوو هاوسەرگیریی کردبوو، پانکە لێیدا و مرد. ئەوە رۆیشت، خودا لێی خۆشبێت، ئێستا ئێمە باوکەکەیمان دەوێت."
 
ئەم بنەماڵەیە کە زیاتر لە 20 ماڵن، خەڵکی تکریتن، لە ساڵی 2014وە کە شەڕی داعش روویدا ئاوارەی کەرکووک بوون و ئێستاش لە گەڕەکی حوزەیران خانوویان کردووە و نیشتەجێ بوون.