لە رێگەی بێجی بۆمبێکی چێندراو دوو جوتیار دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ 

تەقینەوەی بۆمبێک لە رێگەی سەرەکیی بێجی-حەدیسە لەنێوان هەردوو پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 2 کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکە. 
 
عەواد جغێفی، راوێژکار لە دەستەی حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "بۆمبەکە بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە 31ـی مانگ) لە رێگەی سەرەکیی بێجی-حەدیسە بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقیەوە، لە ئەنجامدا دوو جووتیاری ناوچەکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو."
 
عەواد جغێفی راشیگەیاند، رێگە سەرەکییەکە لە سنووری دەسەڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەدایە.
 
زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە. فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق دەڵێت، "لە ساڵی 2003ـوە 4 هەزار و 540 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان پاککردووەتەوە."
 
رۆژی 12ـی ئابی 2024 مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆی 6600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی مینڕێژکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003ـوە، تیمەکانمان توانیویانە 4540 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاکبکەنەوە؛ رووبەری خاکی مینڕێژکراوی ماوەش 2060 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە."