ئەم ساڵ 311 بازرگانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی مادەی هۆشبەر لە عێراق سزادراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ 311 بازرگانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەن یاخود زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی شەممە (31-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، 90 بازرگانی نێودەوڵەتی و 221 بازرگانی نێوخۆیی، کە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەلایەن دادگەوە سزای لەسێدارەدان، یاخود زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
14ـی تەممووزی 2024، عەمید میقداد میری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو "لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، دەست بەسەر تۆنێک و 822 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و، حەوت هەزار و 705 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون."
لەو ژمارەیە هەزار و 435 کەسیان بازرگانی نێوخۆیی و 147ـیشیان بازرگانی نێودەوڵەتی بوون.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، ساڵی 2022 نزیکەی 16 هەزار کەس و لە ساڵی 2023ـشدا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەگوێرەی مادەی 27ـی ژمارە 50ـی ساڵی 2017ـی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک تاوانبار بێت بە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو وڵات، بە زیندانیکردنی تاهەتایی یان لەسێدارەدان سزادەدرێت.